نوچه‌نێت
دوورخستنه‌وه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق چیتر داوایه‌كى سیاسى نییه، به‌ڵكو بووه‌ته یاداشت و په‌رله‌مانتارانى سوننه بۆى ده‌ستیان به كۆكردنه‌وه‌ى واژۆى په‌رله‌مانتاران كردووه.
رۆژى هه‌ینى رابردوو 35 په‌رله‌مانتارى سوننه له ماڵى قاسم فه‌هداوى په‌رله‌مانتار كۆبوونه‌ته‌وه و پلانیان بۆ دوورخستنه‌وه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبووسى داناوه و ئه‌مڕۆیش ده‌ست به كۆكردنه‌وه‌ى واژۆى په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه، سوننه‌كان ده‌ستیان كردووه به گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ كورد و شیعه بۆئه‌وه‌ى واژۆ له‌سه‌ر یاداشته‌كه بكه‌ن و دواتر به سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بدرێت و لادانى حه‌لبووسى بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
هه‌ندێك له په‌رله‌مانتارانى شیعه وسوننه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه به‌هۆى هه‌ستیاريى بارودۆخه‌كه‌وه ئێستا كاتى لادانى محه‌مه‌د حه‌لبووسى نییه.
تاریق حه‌رب یاساناسى به‌ناوبانگى عێراقى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باسى له میكانیزمى دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆك په‌رله‌مانى عێراق كردووه و گوتوویه‌تى، ده‌بێت 110 ئه‌ندام په‌رله‌مان واژۆ له‌سه‌ر یاداشته‌كه بكات و دواتر له دانیشتنێك لادانى سه‌رۆك په‌رله‌مان بخرێته ده‌نگدانه‌وه وده‌بێت له‌كۆى 329 به‌لایه‌نى كه‌م 165 ئه‌ندام ئاماده بێت و له ده‌نگدانه‌كه‌یش 83 كه‌س ده‌نگ به دوورخستنه‌وه‌ى بدات.
به‌گوێره‌ى ته‌وافوقى سیاسى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بۆ پێكهاته‌ى سوننه‌یه، پێشتریش له‌ساڵى 2008 مه‌حموود مه‌شهه‌دانى كه سه‌رۆكى په‌رله‌مان بوو لادرا و ئه‌یاد سامه‌ڕایى له شوێنى ئه‌و بوو به سه‌رۆكى په‌رله‌مان.