(نوچەنێت)
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی گەشتێکی فەرمی بەرەو ئەوروپا دەستپێکردو بڕیارە سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا بکەن.
لە راگەیێندراوەكەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات سوود لە شارەزایی و تواناکانی وڵاتانی ئەوروپادا وەربگرێت بۆ پەرەپێدانی دۆخی ئابووریی و گەشەپێدانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
هەروەك بڕیاریشە وەفدەكەی حكوومەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەدا کۆببێتەوە كە سەردانی دەكەن و لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری گفتوگۆ بكەن.
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی ، گەشتێکی فەرمی بەرەو ئەوروپا دەست پێ کرد.
لەو گەشتە ئەوروپاییەدا ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەکات و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەدا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلوماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات سوود لە شارەزایی و تواناکانی وڵاتانی ئەوروپادا وەربگرێت بۆ پەرەپێدانی دۆخی یٔابووریی و گەشەپێدانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.