(نوچەنێت)
وتبێژی پۆلیسی گەرمیان بڵاویكردەوە كە كچێکی تەمەن 15 ساڵ بەکوژراوی لە گوندێكی (قۆرەتوو) دۆزرایەوە و دادوەریش بەپێی مادەەیكی یاسایی باوك و براكەی ئەو كچە كوژراوەی بەندكردووەن.
عەلی جەمال وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە كە “درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لەگوندی قەڵاتەپە سەر بە ناحییەی قۆرەتوو تەرمی كچێک بەناوی (ش.ع.ڕ) لەدایکبووی 2005 بە كۆژراوی دۆزراوەتەوە و هێنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار” دەشڵێ “بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی تاپڕەوە گیانی لەدەست دابوو”.
ناوبراو نوسیویەتی “بەوتەی کەسوکاری کەسیان لەماڵەوە نەبوون و ناوبراو خۆی خۆی کوشتوە”.
ئەوەشی روونكردۆتەوە كە “لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 405 باوک و برایەکی كچە كوژراوەكە بەندکراون”. ئاماژەی بەوەشداوە كە “پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنێتی ڕوداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە لەوەی کەئایا ناوبراو خۆی خۆی کوشتوە یاخود کوژراوە”.