(نوچەنێت)
لەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، چەکدارانی داعش لە ناوچەی رەزوانییە لە رۆژئاوای بەغدا هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پاسەوانیی هێزەکانی حەشدی عەشائیری و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران.
لەمبارەیەوە ئاژانسی (فرانس پرێس) بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا پێنج ئەندامی حەشد و شەش کەسی سڤیل کوژراون.
ئاژانسی ناوبراو کە زانیارییەکانی لە سەرچاوە ئەمنی و تەندروستییەکانەوە وەرگرتووە، زانیاریی لەبارەی ژمارەی برینداران و زیانە ماددییەکان نەخستووەتەڕوو.
وەك باس دەكرێ، چەکدارەکانی داعش بە نارنجۆک هێرشیان کردووە و دواتر تەقەیان لە هێزەکانی حەشدی عەشائیری کردووە. سەرچاوەیەکی تەندروستیش بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، کە هەشت برینداری رووداوەکە بۆ نەخۆشخانەیەکی بەغدا گوێزراونەتەوە.
ناوچەی رەزوانییە ناوچەیەکی سوننەنشینە، لە ماوەی رابردوودا بەردەوام ئەو شەڕ و رووبەڕووبوونەوانە هەر هەبووە، ئێستا خەڵکی ناوچەی رەزوانییە ناوچەکەیان چۆڵکردووە و سوپای عێراق و حەشدی عەشائیری چوونەتە ناوچەکە و بە تەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە.