شلێر سەعید: تایبەت بەنوچە نێت
بڕیاره سبەی دووشەم رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وەزیری ناوخۆى هه‌رێم كوردستان و خالید شوانى وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری نێوان هەرێم وبە‌غدا لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم کۆببنه‌وه وتاوتوێى رێككه‌وتنى شنگال بكه‌ن.
شیرن ئەمین په‌رله‌مانتارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و ئه‌ندامى لیژنه‌كه بە نوچەنێتى راگەیاند، سبەی دووشه‌م وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری نێوان هەرێم و بەغدا سه‌ردانى پەرلەمانی كوردستان ده‌كه‌ن، سەبارەت بە پرسی رێكەوتنەكانی شنگال لەگەڵ لیژنه‌كه كۆ دەبنەوە .
رێككه‌وتنى شنگال ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه كه له‌سه‌ره‌تاى مانگى رابردوو “تشرینى یه‌كه‌م” له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و حكوومه‌تى به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال واژۆ كرا.
شیرن ئەمین كه له‌سه‌ر ئامانجى كۆبوونه‌وه‌كه قسه‌ى بۆ نوچه‌نێت كرد گوتى، “كۆبوونه‌وه‌كه بۆ گفتوگۆكردنه له‌باره‌ى دۆخى سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت تاوتوێى بارودۆخى شنگال ده‌كرێت”
شیرین ئه‌مین له لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت ئه‌وه‌یشى روونكردنه‌وه ئه‌و دانیشتنه په‌یوه‌ندى به‌و یاداشته‌وه نییه كه بۆ بانگهێشتكردنى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم چه‌ند په‌رله‌مانتارێك واژۆیان له‌سه‌ر كردووه بۆئه‌وه‌ى وه‌زیرى ناوخۆ روونكردنه‌وه له‌سه‌ر گرتنى چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك بدات.
شیرین گوتى، “منیش واژۆم له‌سه‌ر ئه‌و یاداشته كردووه كه به سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دراوه و چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامین”.