نوچه‌نێت
هاوپه‌یمانى فه‌تح له به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌خنه له حكوومه‌تى مسته‌فا كازمى ده‌گرێت له مامه‌ڵه‌كردنى له‌سه‌ر بابه‌تى مووچه و ده‌ڵێ، “بابه‌ته‌كه پێویستى به چاره‌سه‌رى كرده‌نییه نه‌وه‌ك كاغه‌زى به‌تاڵ”.
هاوپه‌یمانى فه‌تح كه هاوپه‌یمانییه‌كى گه‌وره‌ى شیعه‌كانه و له‌لایه‌ن هادى عامرییه‌وه سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م هه‌شتى تشرینى دووه‌م، به‌یاننامه‌یه‌كى له‌سه‌ر قه‌یرانى دارایى و نه‌بوونى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له به‌یاننامه‌كه هاتووه، “به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام چاودێرى ته‌واوى ئه‌و رێكاریانه ده‌كه‌ین كه ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى مووچه ئه‌نجام بدرێت، پێویسته حكوومه‌ت چاره‌سه‌رى واقیعیانه بكات نه‌وه‌ك بارى گه‌نجینه‌ى ده‌وڵه‌ت به قه‌رزكردن قورس بكات”.
له به‌شێكى تر‌ى به‌یاننامه‌كه دووپاتى ئه‌وه ده‌كرێته‌وه، هاوپه‌یمانى فه‌تح پاڵپشتى پرۆسه‌ى دابینكردنى مووچه ده‌كات به‌ڵام ده‌بێت چاره‌سه‌رى كرده‌نى هه‌بن نه‌وه‌ك خه‌ریكیبوون به “كاغه‌زى به‌تاڵ”.
دابه‌شكردنى مووچه‌ى تشرینى یه‌كه‌مى فه‌رمانبه‌ران 15 رۆژ له واده‌ى خۆى دواكه‌وتووه و تا ئێستا دیار نییه كه‌ى ده‌ست به دابه‌شكردنى ده‌كرێت.