نوچه‌نێت
سه‌ركرده‌كانى عێراق زیاتر له هه‌ر وڵاتێكى تر گه‌شبینن به سه‌ركه‌وتنى جۆ بایدن، ئه‌وان كه له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ ده‌رگاى كۆشكى سپییان به‌ڕوو داخرا بوو، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ده‌كه‌ن بایدن ته‌واو پێچه‌وانه هه‌ڵسوكه‌وت بكات، چونكه زیاتر له هه‌ر سه‌رۆكێكى تر‌ى ئه‌مریكى سه‌ركرده‌كانى عێراق له نزیكه‌وه ده‌ناسێ و 24 جار سه‌ردانى عێراقى كردووه.
له دواى رووخانى رژێمى به‌عس په‌یوه‌ندى نێوان سه‌ركرده‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ كۆشكى سپى به‌هێز بوو، وه‌ك هاوپه‌یمان هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مریكا پێشوازییان لێ ده‌كرا و په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنییان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هه‌بوو.
ئه‌مه له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى جۆرج ده‌بڵیو بۆش و باراك ئۆباما به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ له 2017 وه، سه‌ردانى سه‌ركرده‌كانى عێراق بۆ ئه‌مریكا، به ته‌واوى وه‌ستا تا له مانگى ئابى رابردوو له كۆشكى سپى پێشوازى له مسته‌فا كازمى كرا.
ئێستا له‌گه‌ڵ بوونى جۆ بایدن به سه‌رۆكى ئه‌مریكا، زیاتر له هه‌موو كاتێك سه‌ركرده عێراقییه‌كان له هه‌ر سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه گه‌شبینن و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ده‌كه‌ن جارێكى تر ده‌رگاى كۆشكى سپى به‌ڕووى عێراقییه‌كان بكرێته‌وه.
ئه‌سیل نوجه‌یفى سه‌ركرده‌ى سوننه وپارێزگارى پێشووى مووسڵ له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، “بایدن 24 جار سه‌ردانى عێراقی كردووه و له نزیكه‌وه ته‌واوى سه‌ركرده‌كانى عێراق ده‌ناسێ”.
به بڕواى نوجه‌یفى زیاتر له هه‌ر كاتێك سه‌رۆكى نوێى ئه‌مریكا شاره‌زاى كاروبارى عێراقه، ئه‌مه‌ش خاڵێكى ئه‌رێنییه، چونكه به‌وپه‌ڕى ئه‌زموونه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تى عێراق ده‌كات.