(نوچەنێت)
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەرانبەر بە تویتێکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، کاردانەوەی هەبووە و وەڵامی داوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە توێتێکدا بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ “ئێوە بەتەنیا خۆتان سەدان ملیۆن دۆلارتان لە خەڵکەکەتان دزیوە و هەڵبژاردنەکانی ئێوە بە ڕەتکردنەوەی شایستەیی سەدان کاندید، لە گاڵتەیەک دەچێت و ئەمڕۆ خەڵکی ئێران برسین، چونکە ئێوە بە ملیاران دۆلار خەرجی شەڕی بەوەکالەت بۆ مانەوەی خۆتان دەکەن”.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەمەریکا گەورەترین وڵات و مێژووی مرۆڤایەتییە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین پێشوازی لە ڕۆژێک بکەین کە خەڵکی ئێران بە ئارەزووی خۆیان بگەن و ئێوەش دەزانن ئەوە چییە و تەواو”.
ئەم وەڵام و هەڵوێستە توندەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی لە تویتێکدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا نووسیبووی “ئەمەریکا بەرەو لاوازیی سیاسی و داڕووخانی مەدەنی و ئەخلاقی دەچێت”.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستاش ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە ڕوانگەی ئێمەوە هەر کەس ببێتە سەرکۆماری ئەمەریکا جیاوازیی نییە.
