هێزە شیعەكە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دابەزیوون
نووچەنێت-شەرقولئەوسەت
سەرچاوەیەكی باڵا ی ئاساییشی كوردی لە كەركووكەوە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنی ووتووە كە ئەو 200 چەكدارە شیعەیەی ویستیان بچنە ناو شارۆچكەی دوزخورماتوو، ئێرانی بوون و لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە هاتوونەتە ناو هەرێمی كوردستان.
سەرچاوەكە ووتووشیەتی ئەو هێزە ئاسانكاریشیان بۆ كراوە بۆ جووڵان لەناو هەرێمی كوردستاندا، بەڵام كاتێك ویستوویانە بچنە ناو شارۆچكەی دوزخورماتوو لەلایەن ئاساییشی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێگیرییان لێكراوە.
هێزەكە جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئەوان بە فەرمی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دابەزییون و بە ئاسانكاری یەكێتیش جووڵەیان كردووە، بەڵام هەر رێگرییان لێكراوە بچنە دوزخورماتوو.
بەڵام ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی باڵای یەكێتی رەتیكردۆتەوە ئەوان بێ ئاگاداری حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم رێگا بە دەستێوەردانی ووڵاتێكی دیكە بكەن لە كاروباری هەرێمی كوردستاندا.