(نوژەنێت) ئاژانسەكان
جێگری سەرەككۆماری توركیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی هیچ ترسێكی نیە لەوەی كە جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكانی ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا.
فوئاد ئۆكتای جێگری سەرەككۆماری توركیا ئەوەی روونكردەوە كە هەرچەندە قسەو لێدوانەكانی پێشتری بایدن لەبەرنبەر توركیا جێی داخ بووە، بەڵام ئێمە وەك توركیا هیچ مەترسییەك لە بوونە سەرۆكی ئەو نابینین .
لە دیدارێكی كەناڵێكی توركیدا كە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردۆتەوە، ئۆكتای دەڵێ “توركیا بەهیچ شێوەیەك كاندیدێك باشتر لەوەی تر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا نابینێ”.
لەبارەی ئەوەش كە وڵاتەكەیان رووبەڕووی كێشەو گرفت بێتەوە لەكاتێكدا كە بایدن دەبێتە سەرۆكی ئەمەریكا ، جێگری سەرەككۆماری توركیا دەڵێ “توركیا هەمان توركیای پێشتر نیە و گۆڕانكاریش لە بیرو هزری توركیادا دروست بووە”. ئەوەش رووندەكاتەوە كە “توركیا تەواوی رووداوەكانی جیهان بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەسەنگێنێ و رێگەش نادات هیچ لایەك دەست لەكاروباری ناوخۆی وڵاتەكەمان وەربدات”
لەمانگی ئابی رابردوو دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانێكی ڤیدیۆیی جۆ بایدن لەبارەی سەرۆك كۆماری توركیاوە كە گووتبووی “ئەردۆغان كەسێكی زۆردارە” و داوای كرد ئەمەریكا بەشێوازێكی تر مامەڵەی لەگەڵدا بكات و هانی ئۆپۆزسیۆنی توركیاشی دابوو كە لەرێی سەندووقەكانی دەنگدان رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە..
بەڵام سەرەككۆماری توركیا دەڵێ “ئێمەش وەك هەر وڵاتێكی تر مامەڵە لەگەڵ كاندیدی براوە دەكەین، پێشموانیە هیچ كێشەو گرفتێك رووبدات، بەڵام توركیاش رێگە بەكەس نادا (تەنانەت ئەمەریكاش..) كە سیاسەت و پلانی خۆی لەناوچەكە بۆ دوورخستنەوەی توركیا جێبەجێبكات”.