(نوچەنێت) ئاژانسەكان
پارتی کۆماریی ئەمەریکا لە هەوڵدایە ٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو سکاڵا و تانە یاساییانەی دۆناڵد ترامپی کاندیدیان دابینبکات کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی دەگرێت.
لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا لە پاش هەڵبژاردنەکانی ٣ی ئەم مانگە، کەمپینی ترامپ لە چەند ویلایەتێکی جیاواز چەندین داواکاری یاساییان بۆ دادگای ویلایەتەکان بەرزکردەوە، لیژنەی نیشتیمانی سەر بە پارتی کۆماری ئەمەریکا لە هەوڵدایە بۆ کۆکردنەوەی ٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو سکاڵایانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەمپینەکە هەوڵدەدات دەرفەتەکانی سەرکەوتنی ترامپ لەدەستنەدەن، بۆ ئەمەش داوای کردووە دەنگەکانی ویلایەتی ویسکۆنسن دووبارە جیابکرێنەوە. هاوکات، لە دادگای میشیگن و پەنسلڤانیا سکاڵایان تۆمارکردووە لەپێناو راگرتنی جیاکردنەوەی دەنگەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا کەمپەینەکەی ترامپ سکاڵای یاساییان لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی دیکەش بە چڕی تۆمارکردووە و باس لەوە دەکەن کە جیاکردنەوەی دەنگەکان ساختەکاریی تێدا دەکرێت و دەنگی رۆژانی دوای هەڵبژاردن هەژمار دەکرێت.
تائێستا بەگوێرەی دەنگە جیاکراوەکان، جۆ بایدن زیاتر لە ٧٣ ملیۆن دەنگی لە دەنگدانی گشتیدا بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترامپ زیاتر لە ٦٩ ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە. بەمەش ترامپ ٢١٤ دەنگ و بایدن ٢٦٤ دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنی سەرۆکیان کۆکردووەتەوە، بەوەش کاندیدە دیموکراتەکە تەنیا پێویستی بە شەش دەنگی دیکە هەیە تا ببێتە ٤٦ەمین سەرۆکی ئەمەریکا.
کۆمارییەكانی ئەمەریکا پارە بۆ سکاڵاکانی ترەمپ دابیندەکەن
0
Share.