(نوچەنێت) ئاژانسەكان
ئاژانسەكانی هەواڵی ئەمەریكی بڵاویانكردەوە كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی چانسی جۆ بایدن بۆ بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئێستای ئەمەریكا، لەمڕۆوە بەشێوەیەكی فەرمی قەدەغەی هاتوچۆی ئاسمانى خرایە سەر ماڵی ناوبراو.
لەمبارەیەوە كەنالًی (CNN) ی ئەمەریكی ئەوەی ئاشكرا كرد كە قەدەغەی هاتوچۆی ئاسمانی لەلایەن ئیدارەی فڕۆكەوانی فیدڕاڵی ئەمەریكی FAA خراوەتە سەر ماڵی جۆ بایدن كە دەكەوێتە ناوچەی (ویلمنگتۆن) لە ویلایەتی دیلاویری رۆژهەڵاتی ئەمەریكا.
كەناڵی ناوبراو لەزاری بەرپرسانی ئیدارەی فرۆكەوانیەكە بڵاوكردۆتەوە كە ئەو رووبەرە ئاسمانەی كە ئەوان قەدەغەی هاتوچۆیان لەسەر داناوە یەك میلە و ئەو قەدەغەیەش تا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
كەناڵی ناوبراو باسی لەوەش كردووە ئەو شوێنەی قەدەغەی ئاسمانی لەسەر دانراوە ناوى (چیس)ه و لەمڕۆوە لەلایەن تیمێكی تایبەتەوە سەكۆیەكی گەورە دروست دەكرێت بۆ ئەوەی لەكاتێكدا ئەگەر جۆ بایدن بەو چانسەی ئێستای بمێنێتەوە، ووتاری سەركەوتنی لێ پێشكەش بكات.
لەلایەكی دیكەش (ئاژانسی خزمەتگوزاری نهێنی) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، تیمێكی تایبەتی خۆی بۆ نزیك ماڵی بایدن ناردووە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو شوێنە. چونكە كاری سەرەكی ئەو تیمە پارێزگاری كردنە لە سەرۆكی ئەمەریكا و جێگرەكەی و خێزانەكانیان.