(نوچەنێت)
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند د. نەجمەدین کەریم کەسێکی ئازا‌و بوێر بوو، یەكێك لە هەڵوێستە ئازاكانیشی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بوو لە كەركووك..
ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. نەجمەدین کەریم لە هەولێر لەمیانی ووتارێكی تایبەتیدا پێشكەشی كرد‌و دووپاتی ئەوەشی كردەوە كە “د. نەجمەدین کەریم بە سەربەرزی ژیاوە هەر یەکێک لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بکاتەوە.”
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، د. نەجمەدین کەریم کەسێکی ئازا بووە و ئازایەتییەکی کەرکووکییانە و گەرمیانییانە لە خوێنی‌دا هەبوو، هەر ئەو بوێریەشی بووە وایکردووە چەندین هەڵوێست لە مێژووی خۆیدا تۆمار بکات”. یەکێک لە هەڵوێستەکانی د. نەجمەدین کەریمیش، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو لە کەرکووک.
گووتیشی “د. نەجمەدین كەریم یەکێک بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو. ئەو عاشقی کەرکووکیش بوو و وەک خۆی دەیگوت ‘کەرکووک بۆ ئەو وەکو دڵ وایە’. بۆیە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری بۆ کەرکووک دەکرد”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە کارەکانی د. نەجمەدین کەریم لە کەرکووک کرد و گوتی، “گەورەترین بووژاندنەوەی کەرکووک لەسەردەمی ئەودا بووە”. نەخۆشخانە، رێگەوبان و خزمەتگوزاریی ناوخۆیی بۆ پارێزگاکە دابین دەکرد و “ساڵانە نزیکەی 400 پرۆژەی لە کەرکووک جێبەجێدەکرد”.
نێچیرڤان بارزانی لە ووتارەکەیدا باسی هەوڵەکانی د. نەجمەدین کەریمی کرد لەگەڵ مام جەلال و سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک. گوتیشی “بە دڵسۆزیشەوە کاری دەکرد بۆ ئەوەی کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکات”.
ئەوەشی گووت، “بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی لایەنە عێراقییەکان بە ماددەی 140ـی دەستووری، وایکردووە کێشەی کەرکووک بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، “ئەوەش زیانی زۆری هەیە بۆ هەموو عێراق”.
ئەوەشی روونكردەوە كە “ئەو کێشانەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەن، تاوەکو دوابخرێن زیاتر دەبن، گوتیشی “دەبێت کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە بە دیالۆگ و لەسەر بنچینەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق چارەسەربکرێت”.
د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک رۆژی 31ی مانگی رابردوو و دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانی لەدەستداو ئێوارەی ئەمرۆش تەرمەكەی گەیشتەوە هەولێری پایتەخت.
دەقی ووتاری نێچیرڤان بارزانی (سەرۆكی هەرێمی كوردستان):
كەسوكار و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین كەریم
ئامادەبووانی بەڕێز
كوردستانیانی خۆشەویست
ئەمڕۆ هەموومان لێرە بە خەمباری، بەڵام بە سەربەرزی پێشوازی لە تەرمی كەسایەتیی لێهاتوو و تێكۆشەری كوردستان د. نەجمەدین كەریم دەكەین. د. نەجمەدین كەریم بە سەربەرزی ژیا، هه‌ر یه‌كێك لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بكاتەوە، ئەمڕۆش ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه بە سەربەرزی پێشوازی له ته‌رمی پیرۆزی ده‌كه‌ین.
د. نەجمەدین كەریم كەسێكی ئازا و بوێر بوو. ئازایەتییەكی كەركووكیانە و گەرمیانیانە لە خوێنی‌دا هەبوو، هەر ئەو بوێرییەش وایكرد چەندین هەڵوێست بخاتە مێژووی خەبات و كار و ژیانی خۆیەوە. د. نەجمەدین كەریم بەر لە تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی لە عێراق، ببووە ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، دوای تەواوكردنی خوێندنیش بەبێ دوودڵی وەك پزیشكێك پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كرد و بووە پێشمەرگە. لە ماوەیەكی كورتیشدا توانی ببێتە جێگەی متمانەی مەلا مستەفای بارزانیی ڕابەری شۆڕش. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاگادار و بەشدار بوو له هەندێك لە ئامادەكارییەكان بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش و هەڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان. دوای نەخۆشكەوتنه‌وه‌ی بارزانیی نەمر، د. نەجمەدین كەریم وه‌ك پزیشكێك لەگەڵی چوو بۆ ئەمه‌ریكا.
د. نەجمەدین كەریم، لە كاتی مانەوەی لە ئەمه‌ریكا خوێندنی باڵای لە بوارەكەیدا تەواو كرد و بووە یەكێك لە پزیشكە متمانەپێكراوەكان لە سەرتاسه‌ری ئەمه‌ریكا، لە بواری ئەكادیمیشدا پێگەیەكی بەرزی هەبوو. دكتۆر پێشكەوتنی خۆی لە بواری پزیشكیدا بۆ پەیداكردنی دۆست بۆ چارەسەری كێشەی كورد بەكارهێنا، هەوڵی دەدا زۆرترین پشتیوانی بۆ مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت. بە ڕاستی كاتی مانەوەی لە ئەمه‌ریكا، زۆر دۆستی بۆ كورد پەیدا كرد و بەردەوام كارئاسانی دەكرد بۆ شاندی پارتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسانی ئەمه‌ریكا ببینن و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن. بەو شێوەیە بە درێژاییی ژیانی لە ئەمه‌ریكا، لە خەباتكردن بۆ كوردستان دانەبڕا و بەهۆی كاركردنییه‌وه بۆ كوردستان، دۆستایەتی لەگەڵ حزب و لایه‌نه‌كانی هەموو پارچەكانی تری كوردستان دروست كردبوو.
بەڕێزان..
د. نەجمەدین كەریم ساڵی 2009 گەڕایەوە كوردستان و بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ڕاستیش یەكێك بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو، د. نەجمەدین كەریمیش بۆ خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، ئه‌وه‌ی پێی كرا بە دڵسۆزی جێبه‌جێی ده‌كرد.
د. نەجمەدین عاشقی كەركووك بوو، وەك خۆی دەیگوت كەركووك بۆ ئەو وه‌كوو دڵ وایە، لەبەر ئەوەش كه نیسانی 2011 بووە پارێزگاری كەركووك، بە عەشقەوە و به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه كاری بۆ كەركووك دەكرد و بە هیچ شێوەیەكیش لە كاركردن بۆ كەركووك و كەركووكییەكان ماندوو نەدەبوو. ئەگەر تەماشای ئەو ماوەیە بكەین كە د. نەجمەدین كەریم پارێزگار بوو، دەبینین گەورەترین بووژانەوەی كەركووك لە سەردەمی ئەودا بووە. نزیكەی (600) قوتابخانە دروست كران، سێدەوامی لە قوتابخانەكانی كەركووك نەما، زیاتر لە (30) بنكەی تەندروستی دروست كران، 70%ی جاده‌ی ناو گەڕەكەكانی كەركووك قیڕتاو كران، نەخۆشخانەی ئازادی بە شێوەیەكی زۆر باش نۆژەن كرایەوە، نەخۆشخانەیەكی گەورەی هاوچەرخ بۆ حەویجە دروست كرا، ڕێگەی سلێمانی ـ كەركووك ـ بەغدا، هەروەها ڕێگەی كەركووك ـ هەولێر كرایە جووتسایدی، بەنداوی خاسەجای دروست كرد، ساڵانە نزیكەی (400) پڕۆژەی لە كەركووك جێبەجێ ده‌كرد.
د. نەجمەدین كەریم هەوڵی دەدا خزمەتی هەموو كەركووكییەكان بكات بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەشی دەزانی كە كەركووك كێشەی ناوەندیی كوردستانە لە عێراق، لەبەر ئەوەش لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك مام جەلال به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه هه‌وڵی ده‌دا كه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێت.
زۆرێك له‌و پرۆژانه كه به هاوكاریی ئێمه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌ركووك جێبه‌جێ ده‌كران، جه‌نابیان به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه كه ده‌هات و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌كرد، هه‌میشه پێداگری له‌وه ده‌كرد كه ده‌بێت هاوكاری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان له كه‌ركووك به شێوه‌یه‌كی باش جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌و به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه هه‌وڵی ده‌دا كه كێشه‌كانی كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بكات، ده‌یزانی گرفتی بنه‌ڕه‌تیی نێوان حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووكه كه جه‌وهه‌ری بنه‌ڕه‌تیی كێشه‌كانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر پابه‌ندنه‌بوونی لایه‌نه عێراقییه‌كان به مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق، تا ئێستاش ئه‌و كێشه‌یه به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش زیانێكی زۆری هه‌بووه و هه‌یه بۆ هه‌موو عێراق.
لێرەشه‌وه لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدین كەریمدا، جارێكی دیكە دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌بێت كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بە شێوه‌یه‌كی ئاشتیانە و بە دیالۆگ، لەسه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت. هەرچەند ئه‌و كێشه‌یه دوا بخرێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیەش ئێمە جارێكی تر داوا دەكەین، پێكەوە دابنیشین و ئەو كێشانه لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكەین.
بەڕێزان..
د. نەجمەدین كەریم، دوای ژیانێكی پڕ لە كار و تێكۆشان، بەجێی هێشتین. ئەمڕۆ جارێكی دیكە هاوخەمیی خۆم و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسوكار و خزمانی، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری كەركووك و هەموو گەلی كوردستان، دووپات دەكەمەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی كاتی لە هەولێر دەنێژرێت. هیوادارین زوو ئەو هیوایەی د. نەجمەدین بێته دی كە داوای كردبوو ته‌رمه‌كی بۆ هه‌میشه بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاری كه‌ركووك. هیوادارین دۆخێكی وا به زوویی بێته كایه‌وه و ئێمه بتوانین ته‌رمی د. نه‌جمه‌دین بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ كه‌ركووك.
دیسانه‌وه سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری د. نه‌جمه‌دین ده‌كه‌م، سه‌ره‌خۆشی له سۆزان خان و منداڵه‌كانی ده‌كه‌م، هاوبه‌شی خه‌میانین و هیوادارم دوا خه‌میان بێت.
هه‌موو لایه‌كیتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاس.