(نوچەنێت) ئاژانسەكان
بەپێی زانیارییە فەرمییەكان وەزارەتی كارەبای عێراق پێشنیارێكی كردووە بۆ ئەوەی پێشوەختە پارەی كارەبا لە هاوڵاتین وەربگیردرێ.
بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی وزە لەپەڕلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات، كە وەزارەتی کارەبا پێشنیازێکیان هەیە بۆئەوەی سیستەمی ئێستای کارەبا بەسیستەمی پڕکردنەوەی پێشوەختە بگۆڕن، بۆ ئەوەی بڕێکی زۆر داهاتو وزە بۆ حكومەت بگەڕێننەوە.
پەرلەمانتار ئەمجەد عوقابی ئەندامی لیژنەی ووزە لە پەرەلمانی عێراقی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق راگەیاند، “بەهۆی فراوانبونی ناوچەکان و ئامادەنەبونی هاوڵاتیان لەدانی پارەی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، لەئێستادا تەنها له7%ی داهاتی کارەبا کۆدەکرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی کارەبا لێکۆڵینەوە لەگۆڕینی ئەوسیستەمەی ئێستای کارەبا بۆ سیستەمی پڕکردنەوەی پێشوەختە دەکات کە لەژمارەیەکی زۆر لەوڵاتانی جیهان کاری پێدەکرێت.
ناوبراو دەشڵێ “پڕۆژەکە هیچ خەرجییەک ناخاتەسەر شانی وەزارەتی کارەبا، بەڵکو پڕۆژەکە لەلایەن بەڵێندەرانەوە جێبەجێدەکرێت و ئەوان هەقدەستی خۆیان لەو پارەیە وەردەگرنەوە کە لەفرۆشتنی کارەبا بەهاوڵاتیان کۆیدەکەنەوە، پڕۆژەکەش دوای وەرگرتنەوەی پارەی تەواوی بەڵێندەرەکان دەبێتەوە بەموڵکی دەوڵەت”.
بەپێی قسەی شارەزایانی وەزارەتی كارەبا ئەگەر پڕۆژەکە لەسەرتاسەری عێراق جێبەجێبکرێت ئەوە پێویستی وڵات بەوزەی کارەبا لەوەرزی هاویندا لەنێوان ١٣ بۆ ١٤ هەزار مێگاوات دەبێت و عێراق ٣ هەزار مێگاواتی لەپێویستی خۆی زیاتر دەبێت.