شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى تایبه‌تدا ئاشكراى كرد ئه‌وان له لیژنه‌كه‌یان له‌سه‌ر بابه‌تى په‌كه‌كه كۆده‌بنه‌وه و بڕیاره له هه‌فته‌ى داهاتوودا یاداشتى خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه.
د. ناسر یوسف په‌رله‌مانتارى پارتى و ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له هێرشه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌كه‌كه كرد و گوتى، ” لیژنه‌كه‌مان هه‌موو كات رای خۆمان هه‌بووه و راى خۆمان داوه‌ته سه‌رووی خۆمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش ده‌ستمان به كۆبوونه‌وه‌كان كرده‌وه له هه‌فته‌ى داهاتوودا ئێمه ئه‌و بابه‌ته تاوتوێ ده‌كه‌ین و پێشكه‌شی سه‌رووى خۆمان ده‌كه‌ین”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئامێدى بێده‌نگ بووه، ناسر یوسف گوتى، “ئێمه چاوه‌رێى عێراق ناكه‌ین تا كاره تیرۆریستیه‌كه‌ى په‌كه‌كه ئیدانه بكات یان نه‌كات، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق ئه‌گه‌ر خۆى به‌خاوه‌نى خاكى عێراق ده‌زانێت ده‌بێت پارێزگارى له سنوورى خۆى بكات”.