چەند كادرێكی‌ بزووتنەوەكە: لەناو گۆڕان بێدەنگكردن‌و نانبڕین دەستیپێكردووە

0

09_bigقسەكردن لەناو گۆڕاندا دەركردنی‌ لەسەرە

 چەند كادرێكی‌ بزووتنەوەكە: لەناو گۆڕان بێدەنگكردن‌و نانبڕین دەستیپێكردووە

 

راپۆرتی‌: هونەر حەمەڕەشید

 

لەچەند ساڵی‌ رابردوودا هەمیشە گۆڕان دەنوكی‌ لەسەر دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی‌ پێشووی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو، تۆمەتباری‌ دەكردن بەوەی‌ لەناو حیزبەكان‌و دەرەوەی‌ حیزبەكان ئازادی‌ رادەربڕینیان بەرتەسك كردووەتەوەو ئەوەی‌ پێچەوانەی‌ حیزبەكان بیربكاتەوە «نانبڕاو»ی‌ دەكەن، بەڵام ئێستا خودی‌ كادیرانی‌ ئەو بزووتنەوەیە گۆڕان تۆمەتبار دەكەن بەوەی‌ ئەزموونی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ دووبارە دەكاتەوەو لەبێدەنگكردنی‌ كادیرەكانیدا هەمان تاس‌و حەمامە.

ئەوانەی‌ رەخنەیان لەسەر هەڵوێستەكانی‌ گۆڕان هەیە، ئاماژە بەوە دەكەن ئەو بزووتنەوەیە وەرچەرخانێكی‌ ئەوەندەی‌ خێرای‌ بەسەردا هاتووە كە زۆرێك لەچاودێرانی‌ تووشی‌ شۆك كردووە، چونكە جاران گۆڕان خەڵكی‌ هان دەدا بۆ رەخنەگرتن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەی‌ رەخنە بگرێت، ئێستا سزا دەدرێت.

ئەو رەخنەگرانە باس لەوە دەكەن گۆڕان هەرچەندە خۆیشی‌ چووەتە دەسەڵاتەوە، بەڵام دەیتوانی‌ ئەوەندە ئازادیی‌ بۆ میدیاكەیی‌‌و كادیرەكانی‌ دەستەبەر بكات كە كت‌و مت وەك سەركرایەتییە سیاسییەكەی‌ بیر نەكەنەوە.

ئەم هەڵوێستانەی‌ گۆڕان تەنانەت لای‌ دۆست‌و هاوبەشەكانی‌ ئەو بزووتنەوەیەش مایەی‌ سەرسوڕمانە، ئەوەتا عەلی‌ عەونی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ لەچاوپێكەوتنێكی‌ پێشووتری‌ «شار»دا دەڵێت «گۆڕان لەوەتەی‌ بەشداری‌ حكومەتی‌ كردووە وەك ماستی‌ مەیویی‌ لێهاتووە».

عەونی‌ قسەكانی‌ ئاڕاستەی‌ كادیرەكانی‌ گۆڕان دەكات‌و دەڵێت «هەقە قاعیدەی‌ گۆڕان ئێستا لەگۆڕان بپرسن چی‌ قەوماوەو چی‌ گۆڕاوە كە ئێوە ئەوەندە لەسەرخۆن‌و ئەو حكومەتە گەندەڵە موحتەرەم بووە، ئەو حیزبە دیكتاتۆرەو ئەو سەرۆكە تاكڕەوە چییان لێهات ئاوها هێمن بوون».

قسەكردن سزاكەی‌ دەركردنە
نموونەی‌ ئەو كادیرانەی‌ گۆڕان كەم نین كە تەنها لەبەرئەوەی‌ بۆچوونێكی‌ جیاوازیان دەربڕیوە یان قسەیەكیان لەسەر بزووتنەوەكە كردووە فەرمانی‌ دەركردنیان بۆ دەرچووە.

«شار» ناوی‌ ژمارەیەك لەكادیری‌ گۆڕان‌و كارمەندانی‌ میدیای‌ گۆڕانی‌ لەلایە كە بەم دواییە «لەسەر بۆچوونی‌ جیاواز» دوور خراونەتەوە، لەوانە حەوتیان كارمەندی‌ كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێنن.

سەلاح كاكە ئەحمەد یەكێكە لەو كارمەندانەی‌ كەی‌ ئێن ئێن كە مانگی‌ رابردوو فەرمانی‌ دەكردنی‌ بۆ دەرچووە، خەتاكەشی‌ ئەوەیە كە بەناوی‌ خۆیەوە لێدوانی‌ بۆ «شارپرێس»داوە لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی‌ لەمیدیای‌ گۆڕاندا دەكرێت.

سەلاح كاكە ئەحمەد كە یەكێك بووە لەهەواڵسازە دیارەكانی‌ ئەو كەناڵە زانیاری‌ لەبارەی‌ پلانەكانی‌ گۆڕان بۆ گۆڕانكاریی‌ لەمیدیاكەیدا خستووەتەڕوو، ئەمەش لەكاتێكدابوو كە زۆركەس عەوداڵی‌ ئەوە بوون ئاخۆ میدیای‌ گۆڕان‌و بەتایبەتیش كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێن چییان بەسەردا دێت.

ناوەڕاستی‌ مانگی‌ رابردوو كادیران‌و بەرپرسانی‌ میدیای‌ گۆڕان كۆبوونەوەیەكیان كرد لەسەر ئەوەی‌ كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێن چی‌ بەسەردێت، كۆبوونەوەكەش بەسەرپەرشتی‌ شۆڕش حاجی‌ لێپرسراوی‌ میدیای‌ گۆڕان بوو، پاش كۆبوونەوەكە سەلاح كاكە هەواڵسازی‌ كەناڵەكە لەلێدوانێكیدا بۆ «شارپرێس» ئاماژەی‌ بەوە كرد كە گۆڕان میدیاكەی‌ خۆی‌ بەشێوەیەكی‌ جیاواز رێكدەخاتەوە، چەند كاتژمێرێك پاش كۆبوونەوەكە بەتەلەفۆن پەیوەندی‌ پێوە كراوەو پێیان راگەیاندووە كە لیژنەی‌ لێكۆڵینەوەی‌ لەسەر پێكهێنراوەو دوای‌ ئەوەش بەزارەكی‌ پێیان راگەیاندووە كە كۆتایی‌ بەراژەكەی‌ هاتووە.

سەلاح كاكە لەمڕووەوە بە «شار»ی‌ وت «هۆكاری نانبڕین‌و سزادانم تەنیا لەسەر لێدوانێك بووە لەبارەی‌ فرۆشتنی كەناڵی كەی ئێن ئێن كە پێموابووە بەو پێیەی كەناڵەكە لە 5 ساڵی رابردوودا هەڵگری خەم‌و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بووە، بۆیە بەگرنگم زانیوە خەڵك‌و بینەری كەناڵەكە ئاگاداربن لەچارەنووسی كەناڵە ئەوەشم لەوپەری دڵسۆزی‌و خەمخۆرییە كردووە بۆ گۆڕان‌و كەناڵەكەم».

سەلاح كاكە وتیشی‌ «ئەم كارە بەوپەری ناهەقی دەزانم‌و هەڵوێستی دەزگاكەش تاقیكردنەوەی گرنگبوو بۆم كە دەریخست دەزگاكانی راگەیاندنی گۆڕان‌و حیزبەكانی پێشووی دەسەڵات جیاوازییان نییە لەمامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسدا‌و هەر كاتێك ویستیان دەریدەكەن‌و نانیدەبڕن‌و بێمنەتیشن لەهەوڵ‌و ماندوبوونی ئەو كارمەندە لەدەزگاكەیان».
چەند كادیرێكی‌ تری‌ گۆڕان‌و میدیای‌ ئەو بزووتنەوەیە هەمان زانیارییان بۆ «شار» پشتڕاستكردەوەو رایانگەیاند «ئێستا لەناو گۆڕاندا بچووكترین سزای‌ بۆچوونی‌ جیاواز دەركردنە».

یەكێكیش لەو كادیرانە كە پێشتر لەلێدوانێكیدا بۆ «شار» هەموو وردەكارییەكانی‌ باسكردبوو خۆی‌ داوایكرد كە لێدوانەكەی‌ بڵاونەكرێتەوە لەبەرئەوەی‌ بەڵێنی‌ گەڕانەوەیان پێداوە.

كارمەندێكی‌ تری‌ هەمان كەناڵ‌ كە ئێستا لەسەر كارەكەیەتی‌‌و «لەترسی‌ دەركردن» داوایكرد ناوی‌ بڵاو نەكرێتەوە بە «شار»ی‌ وت «لەئێستادا لەناو گۆڕان كەس بۆی‌ نییە رەخنە بگرێت‌و هیچ شتێك لەبارەی‌ سیاسەتی‌ بزووتنەوەكەوە بڵێت، بەتایبەتی‌ ئەو گۆڕانكارییەی‌ بەسەر سیاسەتی‌ بزووتنەوەكەدا هاتووە لەسەردەمی‌ ئۆزیسیۆن‌و سەردەمی‌ چوونە حكومەتەوە».

لەبەرانبەردا شۆڕش حاجی سەرپەرشتیاری میدیاكانی‌ گۆڕان لەلێدوانێكیدا بۆ «شار» ئەوەی‌ رەتكردەوە هیچ كادیرێك لەسەر بۆچوونی‌ جیاواز دەركرابێت‌و وتی‌ «سەرجەمیان بەبڕیاری‌ كارگێڕی‌‌و هۆكاری‌ تایبەت لەكەناڵەكە دوورخراونەتەوە».

حاجی‌ وتی‌ «هەر كارمەندێك لەشوێنێك لەكار دووردەخرێتەوە هۆكاری‌ خۆی‌ هەیەو سەرجەم ئەو كەسانەش ئێوە ئاماژەی‌ پێدەكەن، تایبەت هەبووە بۆ دورخستنەوەیان بەتایبەتی‌ پابەندنەبوون بەپرەنسیپەكانی‌ كەناڵەكەو بزووتنەوەی‌ گۆڕانەوە».
سەرپەرشتیاری‌ میدیای گۆڕان لەبارەی‌ دوورخستنەوەی‌ سەلاح كاكە ئەحمەد هەواڵسازەكەی‌ كەی‌ ئێن ئێن وتی‌ «من كۆبوونەوەیەكی سیاسیم‌و ئیداریم بەكارمەندەكانی كەی ئێن ئێن كردووەو كاك سەلاحیش قسەكانی ئەو كۆبوونەوەی بردووەتە دەرەوە، كە نەدەبوو بیباتە دەرەوە».

حاجی ئەوەشی وت «ئەو رۆژنامەنووسە لەكارەكەی دوورخراوەتەوەو ئەوەش بەهۆی ئەوەی پابەند نەبووە بەپرەنسیپەكانی كاری رۆژنامەوانی‌و كەناڵەكەوە».

بەبڕیاری‌ كەسی‌ یەكەم: لێدوان قەدەغەیە

ئێستا بەبڕیاری‌ خودی‌ نەشیروان مستەفا لێدوانی‌ رۆژنامەنووسی‌ لەژمارەیەك لەسەركردەو كەسە دیارەكانی‌ ئەو بزووتنەوەیە قەدەغە كراوە، هەندێكیشیان بەتەنها بۆیان نییە بۆ چەند كەناڵێكی‌ دیاریكراو قسە بكەن كە رەخنە لەبزووتنەوەكە دەگرن.

یەكێك لەو كەسانەی‌ كە لێدوانی‌ لێ‌ قەدەغەكراوە بەو مەرجەی‌ ناوی‌ نەهێنرێت ئامادەبوو قسە بۆ «شار» بكات‌و باسی‌ لەوە كرد كە لەچەند هەفتەی‌ رابردوودا نەوشیروان مستەفا لەچەند كادیرێك زۆر توڕەبووەو هەڕەشەی‌ سزادانی‌ لێكردوون، لەبەرئەوەی‌ هەندێ‌ زانیاری‌ ناو بزووتنەوەكە دزەیان كردووەتە دەرەوە.

سەرچاوەكەی‌ «شار» ئاماژەی‌ بۆ ئەوە كرد خودی‌ نەوشیروان مستەفا چاودێری‌ میدیاكان دەكات‌و هەركەسێك لەدەرەوەی‌ ئەو فەرمانە بجوڵێتەوە ئەگەر هەیە رووبەڕووی‌ سزا ببێتەوە.

بۆ دڵنیابوون لەراست‌و دروستی‌ زانیارییەكانی‌ ئەو سەرچاوەیەو دەستكەوتنی‌ وەڵامی‌ بزووتنەوەكە «شار» پەیوەندیكرد بەهەریەك لەشەماڵ عەبدولوەفا رێكخەری‌ ژووری‌ پەیجوری‌‌و جەمال محەمەد سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشیمانی‌، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن‌و رایانگەیاند ئەو بابەتە پەیوەندی‌ بەوانەوە نییە، دواتر «شار» پەیوەندیكرد به ‌ئاكۆ محەمەد رێكخەری‌ ژووری‌ سیاسی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و ناوبراو وتی‌ «ئامادە نیم قسە بۆ «شار» بكەم».

ژمارەیەك لەكەسایەتییە دیارەكانی‌ گۆڕان: ئێمە بێدەنگ ناكرێین

هەرچەندە بەشی‌ هەرە زۆری‌ كادیرو پەرلەمانتارو سەركردە دیارەكانی‌ گۆڕان ماوەی‌ چەند مانگێكە بێدەنگیان هەڵبژاردووەو كەمترین كات لەمیدیاكانەوە دەردەكەون، بەڵام ژمارەیەكی‌ تر لەو كەسایەتیانە بەپێچەوانەوە ئەم ماوەیە زیاتر قسەیان لەسەر گۆڕان كردووە‌و وەك ئەوە وایە بەئاراستەوخۆ پەیامی‌ ئەوە بگەیەنن كە ئەوان بێدەنگ ناكرێن.

ناڕەزایی‌ ئەم كادیرانە زیاتر لەوەدا زەق بووەوە كە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ جڤات‌و ئۆرگانەكانی‌ ئەو بزووتنەوەیە، نەوشیروان مستەفا سەرجەم وەزیرەكانی‌ گۆڕانی‌ دەستنیشانكرد، لەكاتێكدا پێشتر وەها راگەیەندرابوو كە بەپێی‌ سیڤی‌ پۆستی‌ وەزیر دیاری‌ دەكرێت.

عوسمانی‌ حاجی‌ مەحمود یەكێك لەكەسایەتییە دیارەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لەچاوپێكەوتنێكی‌ «شارپرێس»دا رایگەیاندبوو «تەنیا لەلایەن رێكخەری گشتی بزووتنەوەی‌ گۆڕانەوە بڕیار لەپرۆسەی‌ دەستنیشانكردن‌و كاندیدكردەكان دراوەو پرس‌و راوێژ بەجڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و دەزگاكانی ترو كەسە دیارەكانی‌ گۆڕان نەكراوە، تەنانەت لەبڕیارەكەش ئاگادارنەكراونەتەوەو وەكو خەڵكی ئاسایی لەكەناڵەكانی‌ راگەیاندن گوێیان لێبووە».

هەر ئەو دەمە عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان‌و یەكێك لەكەسایەتییە دیارەكانی‌ ئەو بزووتنەوەیە لەوتارێكدا نووسیبووی‌ «دەبوایە لەكۆمەڵێك پرسی گرنگ، لەسەردانەكان، رێككەوتنەكان، دیاریكردنی كاندیدەكان، وەرگرتنی پشكەكاندا پرس‌و راوێژ بەم دەزگایە (جڤاتی‌ نیشتیمانی‌)و كۆمەڵێك كەسایەتی تری گۆڕان بكرایە كە لەدەرەوەی ئەم جڤاتەن، كەچی نەك ئەمە نەكرا، بەڵكو بەگوێرەی زانیارییەكانی من بۆ پرسی دانانی وەزیرەكانی گۆڕان، بەڕێز رێكخەری گشتی پرس ‌و رای بەهیچ كەسێك تەنانەت بەكەسە نزیكەكان‌و كەسایەتییە ناسراوەكانی بزووتنەوەكەش نەكردووە».

پەرلەمانتارێكی‌ گۆڕان: قسەكردن لەگۆڕاندا بەرتەسك بووەتەوە

عومەری‌ حاجی‌ عینایەت پەرلەمانتاری‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان ئەوەی‌ پشتڕاستكردەوە كە وەك جاران بواری‌ قسەكردن‌و ئازادی‌ رادەربڕین لەناو گۆڕاندا بەرفراوان نییەو بە «شار»ی‌ وت «ئەوە راستییەكە كە ئەدای‌ قسەكردن‌و رەخنەگرتن لەناو بزووتنەوەی‌ گۆڕان بەرتەسكبووتەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت كە قۆناغەكە جیاوازە، لەكاتێكدا نەدەبوو بگەیەنرێت بەم ئاستەی‌ ئێستا».

عومەری‌ حاجی‌ عینایەت ئاماژە بەوە دەكات هەرچەندە ئەو كەسێكی‌ رەخنەگرە لەناو گۆڕاندا، بەڵام هیچ كەسێك پێی‌ نەوتووە كە رەخنە نەگرێت، لەگەڵ‌ ئەوەشدا هەست دەكات جۆرێك لەنیگەرانی‌ لەسەر قسەكانی‌ ئەو هەیە، لەمڕووەوە وتی‌ «من یەكێكم لەو كەسانەی‌ رەخنە دەگرم، هەرچەندە تائێستا بەشێوەیەكی‌ فەرمی‌ پێمنەوتراوە قسەنەكەم‌و رەخنەنەگرم، بەڵام زۆر بەڕوونی‌‌و ئاشكرا دیارە ئەو برادەرانەی‌ لەناو بزووتنەوەكە دەبینم بەقسەكانیان پێیانەوە دیارە نیگەرانن لەقسەو رەخنەكانمان».

پەرلەمانتارەكەی‌ گۆڕان پێیوایە گۆڕان بەرەخنەو رەخنەگرتن لەخۆ گەورەتر دەبێت‌و ئەگەر هەر هەڵەیەكی‌ هەبێت دەتوانێت لەرێی‌ رەخنەگرتنەوە چارەی‌ بكات‌و دەڵێت «هەر كەسێك رەخنە دەگرێت باوەڕی‌ بەرەخنەكە هەیەو پێشموایە من بۆخۆم چەندین جار لەباوەڕ بەرەخنەكانم رەخنەمگرتووەو بەردەوامیش دەبم، ئەگەریش هەیە باجەكەی‌ بدەم».
ئەم راپۆرتە لەژمارە (29)ی گۆڤاری شار لەبەرواری (15/7/2014) بڵاوبووەتەوە…

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com