نوچه‌نێت
ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له ئارشاك مانۆكیان كونسولى گشتى ئه‌رمه‌نستان له هه‌رێمى كوردستان كرد و له دیداره‌كه‌دا باس له گرفته‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست گشت گرفته‌كان به ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكرێن.
ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكایه‌تى له راگه‌یه‌نراوێكدا باسى له دیداره‌كه كردووه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 3/11/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئارشاك مانۆكیان كونسولى گشتیى ئه‌رمه‌نستان له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا به‌ڕێز مانۆكیان خۆشحاڵیى خۆى به یه‌كه‌م دیدارى خۆناساندن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى هه‌مه‌لایه‌نه به‌تایبه‌تى له بوارى ئابووریدا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى به‌خێرهێنان، هیواى سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركه‌كه‌یدا بۆ خواست و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان خوازیارى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نستان و ده‌رفه‌ت و بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریش بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیا ئه‌رمه‌نییه‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان ڕه‌خساوه.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوون كه تیایدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست كێشه و گرفته‌كان به شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێن و ئارامى و سه‌قامگیرى بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه.