(نوچەنێت) ئاژانسەكان
دۆناڵد ترەمپ گەشبینە بە بردنەوەی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمەریکادا و دەڵێت، “چوار ساڵی دیکەش لە کۆشکی سپی دەمێنمەوە.”
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا پێشبینی سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و دەڵێت، “ئێمە جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەست دێنین”، دەشڵێت، “لە ماوەی ساڵانی کارکردنمدا ژمارەیەک کاری ئابوری گرنگم کردووە و ئەگەر بیبەمەوە، پشتگیری کەرتی پیشەسازی وڵات دەکەم.”
هاوکات، سەرۆکی ئەمەریکا بایدن بەوە تۆمەتبار دەکات، کە دەیەوێت باج لەسەر هاوڵاتیانی ئەمەریکا زیادبکات، لە ئەگەری بوونی بە سەرۆکی ئەمەریکا.
بەیانی ئەمرۆ بە (کاتی هەرێم) لە ویلایەتی نیوهامشێر لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەمەریکا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، کە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن ئەمەریکی لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەدا مافی دەنگدانیان هەیە و تا ئێستاش زیاتر لە ٩٧ ملیۆن کەس لە دەنگدانی پێشوەختەدا دەنگیانداوە.
جێی باسە ئەم هەڵبژاردنەی ئەمەریكا دەبێتە ٥٩هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا و ، ئەمەریکیەکان ٤٦هەمین سەرۆکی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.