(نوچەنێت): فەرهاد
بەپێی زانیارییەكانی كەسایەتییەكی سیاسیی عێراقی لە ئێستادا هەوڵ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان تەلئەبیب و بەغدا لە ئارادایەو ماوەیەكیشە هەوڵەكان بۆ ئەو ئاساییبوونەوەیە بەڕێوە دەچن.
ئاژانسی هەواڵیی (عین العراق) بڵاویكردۆتەوە كە (میسال ئالوسی) كەسایەتی سیاسیی عێراقی و نزیك لە ئیدارەی ئەمەریكا رایگەیاند ماوەیەك لەمەوبەر وەفدێكی عێراقی لەئەوروپا گفتوگۆی لەبارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان عێراق و ئیسڕائیل كردووە.
ناوبراو روونیدەكاتەوە “لە دوایین سەردانی وەفدی فەرمی عێراقی بۆ وڵاتانی ئەوڕوپا بەشێوەیەكی زۆر نهێنی كۆبوونەوەیان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام داوە، ئەو هەوڵەش بەنهێنی ماوەتەوە تا ئەوكاتەی دەرەنجامێك لەو هەوڵانە دێنە دی، ئینجا لەمیدیاكان بڵاودەكرێتەوە”.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ناوبراو، وەفدە عێراقییەكە پەیامێكی عێراقیانەی گەیاندۆتەوە وڵاتانی جیهان و تیایدا ئەوە دووپات دەكەنەوە كە بەغدا خوازیارە پەیوەندیەكانی لەگەڵ تەلئەبیب ئاسایی ببێتەوە، بەڵام وەك دەڵێ “جارێ ئەو هەوڵانە سستیان تێكەوتووە ئەویش بەهۆی ئەو قەیرانە ئابووری و ئەمنییەی كە عێراقی گرتۆتەوە”. بەڵام دووپاتی دەكاتەوە كە “بەدڵنیاییەوە ئەو ئاساییبوونەوەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەدی دێت”.