(نوچەنێت) فەرهاد
وەزیری رۆشنبیری عیراق رایگەیاند، لەگەڵ ماڵی سەرکردەی کۆچکردوو، مام جەلال لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی رۆژی نیشتیمانیی عێراق، لەبەر ئەوەی بەروارەکە هاوتایە لەگەڵ رۆژی كۆچی دوایی ئهو سهركردهیه و بنەماڵەکەشی لەگەڵ ئەوەدا ناکۆکن.
میدیاكانی عێراقی بڵاویانكردەوە كە حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق راگەیاندووە كە “وەزارەتەکەمان بۆ دیاریکردنی رۆژی 3ی تشرینی یەکەم بە رۆژی نیشتیمانی عێراق هەوڵێکی زۆری داوە بۆ جێگیركردنی ئەو رۆژە و تێپەڕاندنی لە پەرلەمانەوە”. وتیشی: “لەماوەی رابردوودا ئەو پڕۆژەیە رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری تا ببێتە رۆژێکی خۆش بۆ هەموو عیراقییەکان، بەڵام بەرواری رۆژەکە بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەهۆی ئەوەی ئەو رۆژە هاوتایە لەگەڵ بەرواری کۆچی دوایی سەرکردەی کۆچکردوو و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، مام جەلال تاڵەبانی”.
وەزیری ڕۆشنبیریی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە: “لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی لە گفتوگۆداین تا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین”.
لای خۆشییەوە پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە عێراق ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوان لەگەڵ ئەو بابەتە ناكۆكن كە رۆژی كۆچی دوایی مام جەلال بكرێتە رۆژی نیشتمانیی لە عێراقدا.
جەمال شوكر پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا دەڵێ “یاداشتێكی ناڕەزاییمان بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراقی ناردووە بۆ ئەوەی بەرواری دیاریكراو بۆ رۆژی نیشتمانیی عێراق بگۆڕدرێ” دەشڵێ “دیاریكردنی رۆژی كۆچی دوایی مام جەلال بە رۆژی نیشتمانی عێراق بۆ ئێمە زۆر بە ئازارە و ناكرێ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ریز لە بەرواری كۆچی دوایی مام جەلال نەگرن، سەرەڕای ئەوەش رۆژی 3 ی تشرینی یەكەم هاوكاتە لەگەڵ رۆژی كۆتایی هاتنی ئینتیدابی بەریتانی و رەزامەندبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان كە عێراق ببێتە ئەندامی.
ناوبرا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەوان وەك یەكێتی یاداشتێكیان بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق ناردووە بۆ ئەوەی چاو بە بابەتی دەستنیشانكردنی رۆژی نیشتمانیی عێراق دا بخشێننەوە، چونكە دەڵێ “رۆژی 3 تشرینی یەكەم رۆژی كۆچی دوایی مام جەلالە”.