په‌رله‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌كات

0

شلێر سەعید ، تایبەت بەنوچە نێت

سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان وره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات و راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئاماده‌ ده‌كات.

بە مەبه‌ستی تاوتوێکردنی پرسی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/11/2، لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی كوردستانی بەسەرپەرشتی رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنە وئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوە.

رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەكه‌ بۆ نوچه‌نێت، “وەك لیژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان ئەمرۆ کۆبوونەوه‌یەکمان كرد كە تایبەت بوو به‌ گفتوگۆکردن لەسه‌ر پرسی نوێنەرایه‌تییەکانی حکومەتی ھەرێم لە دەرەوە، چۆنیەتی چاودێریی كردنیان و ئاشنابوون بە كارەكانیان تا بزانین چەندە چالاكن و ئایا بە پێی سیاسەتەكانی هەرێم بەرێوە ده‌چن و گیروگرفتەكان چین چونكە بە شێوەیەكی ئەوتۆ بەرچاوروونیمان لەسەر گرفتەكانیان نییه‌ و بەتەماین هەموو گرفتەكان بكەینە راپۆرتێك وتاوتوێی بكەین”.

دەربارەی هەڵسەنگاندیان بۆ پەیوەندییە دەرەكیەكانی هەرێم چییه‌؟ بابكەیی گوتی، “پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی ناوچەكە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەو وڵاتانەی نوێنەرایەتی هەیە و لەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیشی نییە پەیوەندییەكانی باشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە سیاسەتێكی دیاریكراو ستراتیژیەتی دیاریكراودا كە ریز بگرێت لە بەرژەوەندیەكانی ئەو وڵاتانە لە هەرێمن ، لەهەمان كات ئەو وڵاتانە بەرێزەوە دەڕواننە هەرێم”.

سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت، باسى له‌وه‌ كرد بوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان و لەگەڵ كارو چالاكیەكانی نوێنەرانی هەرێم دوو بابەتی لێك جیاوازن گوتیشى، “بەگشتی هەڵسەنگاندنی ئیجابیمان هەیە بۆیان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی چاودێریی لە ئەستۆی لیژنەكەمانە”.

سەبارەت بەوەی لە چ وڵاتێك نوێنه‌رایەتییەكانی هەرێم چالاكن و لە چ وڵاتێك بۆشایى هەیە؟ رێبوار بابكه‌یى له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى، “سەبارەت بەوەی نوێنەرانی هەرێم لە كوێ ئەكتیڤین و لە كوێ ئەكتیڤ نین ، راستی نامانەوێ‌ پێش شتەكان بكەوین دەمانەوێ‌ دوای هەڵسەنگاندن و چاودێرییمان ئەوكات بڕیار بدەین و ئەوەی گرنگە ئایا توانیویانە ئەو پۆستانە بۆ بەرژەوەندیەكانی هەرێم بەكاربهێنن ، ئایا توانیویانە بۆ پاڵپشتی سیاسی لەو وڵاتانە بەدەست بهێنن ئایا پەیوەندی تۆكمەیان دەستەبەر كردوە بۆ هەرێم و چەندە هاوكاری خەڵكی ئێمەیان كردووە ومامەڵەكانیان رایی دەكرێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌یه‌”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com