بەقاچاخ هێنانی جگەرە، زیانی 10 ملیۆن دۆلار مانگانە لە دەروازەی باشماخ دەدات

0

(نوچەنێت): فەرهاد

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بەهۆی بەقاچاخ هێنانی جگەرەوە مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار زیان بە دەروازەی سنووری باشماخ دەكەوێ، چونكە دەڵێ “تەنها لە باشماخەوە جگەرە بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە”.

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە كە “لە ئێستادا بەرپرسان ١٠٠٪‏ جگەرە بە قاچاخ داخڵدەکەن ، دۆسیەی قاچاخی جگەرە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین ئەو قاچاخییانەی بەرپرسانی باڵا بەھاوکاری ھێزە ئەمنیەکان دەیکەن”.

ناوبراو ئەوە رووندەكاتەوە كە “پێشتر گومرگی جگەرە سەرچاوەیەکی گەورەی داھاتی حکومەتی ھەرێم بووە، ئێستاش سەرچاوەی گەورەی داھاتی بەرپرسەكانە”. دەشڵێ “ماوەی ١٠ مانگە فایلی قاچاخی جگەرەم خستوەتە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت، داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کرد، ڕووبەڕوو لە پەرلەمان پێموتن، دۆسیەکەم داوە بەداواکاری گشتی، نەک ئەم قاچاخیە کەمی نەکردوە، بەڵکو زیادی کردوەو ئێستا کۆی جگەرە لە باشماخەوە باقاچاخ داخڵ دەبێ”.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەش رووندەكاتەوە كە “بە بەراورد بەوکاتەی قاچاخی جگەرە نەدەکرا، تەنیا لە باشماخ ڕەسمی گومرگی جگەرە لەشەش مانگ ٥٤ ملیۆن دۆلار کەمی کردوە، لەشەش مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ ەدا، قاچاخ نیە یان زۆر كەمە ، بۆیە جگەرەی هاتوو لە باشماخ ( ملیۆنێك و 692 هەزارو 226)  كارتۆن بە فەرمی لە باشماخەوە داخڵ  بووە. لە  شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٩دا قاچاخی دەستپێدەكات، ھاتنی جگەرە زۆر كەمدەبێت، (322 هەزارو 574) كارتۆن داخڵی هەرێمی كوردستان بووە”.

داھاتی گومرگی جگەرە هەروەك ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ ” بەھۆی قاچاغی تەنیا لە باشماخ، (54 ملیۆن و 786 هەزارو 80) دۆلار كەمیكردووە، ئێستاش ئەم بڕە زۆر زیاتری کردوەو مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار تەنیا لە باشماخ زیانی داوە”.

ئەوەش ئاشكرا دەكات كە “قاچاخچیەکان لە بازاڕی دۆلارەکەو بازاڕی جگەرەکە نوسینگەیان ھەیە، بازرگانەکانی جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگی بۆیان داخڵدەکرێت، ژمارەی بارھەڵگری جگەرە قاچاخەکە دەدرێتە ھێزە ئەمنیەکانی دەروازەی باشماخ و سەرجەم بازگەکان تەنسیقی بۆ دەکرێت..”.

ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە “لە ئێستا ١٠٠٪‏ جگەرە لە باشماخەو بەقاچاخ دەھێندرێتە ژوور، تەنیا ئەو جگەرەیە نەبێت، بەرەو ناوەڕاستی عێراق دەچێت و لە بازگەی عێراق داوای مەنەفێست دەکەن، و لە بازگەی ھەرێمیش داوای مەنەفێست ناکەن”.

لە كۆتاییشدا ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان روولە حزبەكەی دەكات و دەڵێ “ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە بزوتنەوەی گۆڕانیش بڕیاری پێویست لەم بەشداری حکومەتە بدات، ئێمە بۆ ببینە ھاوڕێگای ئەمانە بە بەرچاومانەوە سامانی میللەت دەدزن و تاڵانی دەکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com