ڕاوێژكارێكی میدیایی سەرۆك بارزانی ئاشكرای كرد، حەیدەر عەبادی لە ماوەی ڕابردوودا 45 ملیار دۆلاری لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دزیوە.
دوێنێ یەكشەممە 1/11/2020 رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاویكردەوە كە كیفاح مەحموود، ڕاوێژكاری میدیایی مەسعود بارزانی ڕاگەیاندووە: “هێشتا هەندێ كەس بە ئایدۆلۆژیای بەكارهێنانی هێز بۆ نەهێشتنی ململانێكانی نێوان حكوومەتی عێراق فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان بیردەكەنەوە، وەك ئەوەی عەبادی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا هێزی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بەكار هێنا”.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، بۆ ئەوەیە سنوورێك بۆ ئەو ماڵوێرانی و ڕەفتارە هەڵانە دابنرێ، كە بوونە هۆی وێرانكردنی شنگال، بەهۆی هێرش و چوونە پێشی هێزی چەكدار بۆ ناوچەكە، بە تایبەتی چەكدارانی پەكەكە.
كیفاح مەحموود، تیشكی خستە سەر ئەوەش، كە “عەبادی هێشتا بەو عەقلیەتەی پێشتر بیر دەكاتەوە، كە وایكرد عێراق بگاتە ئەم مایەپووچی و شكستە سیاسییە.”
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە عەبادی چوار ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی كرد، خۆی و ئەوانەی پێشتریش نەیانتوانی عێراق بەرەو پێش ببەن، “ئابڵووقەیان خستە سەر هەرێمی كوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ بەشی هەرێمی كوردستانیان لە بودجەی حكوومەتی گشتیی عێراق برد، كە نزیكەی 45 ملیار دۆلار بوو، لە كاتێكدا هیچ عێراقییەك نازانێ ئەو بڕە پارەیە بۆ كوێ چوو؟”.