ئەمەریكا 6 ملیۆن بەڵگەنامەی حزبی بەعسی گەڕاندەوە عێراق

0

(نوچەنێت) ئامادەكردنی : فەرهاد

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تەواوی ئەرشیفی حزبی بەعسی گەڕاندەوە عێراق و وەك سەرچاوەكانی هەواڵیش باسی دەكەن، ئەو ئەرشیفەی گەڕێندراوەتەوە عێراق نزیكەی 6 ملیۆن بەڵگەنامە دەبێت.

رۆژنامەی (وول ستریت جورنال) ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا لەرێی فڕۆكەیەكی تایبەتی سەربازییەوە ئەو ئەرشیفەی حزبی ناوبراوی گەڕاندۆتەوە بەغدا، ئەمەش وەك نیەتێكی بەرپرسانی ئەمەریكا وێنا دەكرێت كە لەبەرانبەر سەرەكوەزیرانی ئێستای عێراق مستەفا كازمی دەریان بڕیوە.

بەپێی زانیاریەكانی ئەو رۆژنامەیە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەچەند كاتێكی جیاوازدا لەساڵانی 90ەكان و دواتریش لە ساڵی 2003 دوای‌ رووخانی سەدام، پارێزگاری لە زۆرینەی ئەو ئەرشیفەكردووە، چونكە دەڵێ “ئەگەر ئەو ئەرشیفە لە عێراق بمابایەوە ئەوا بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە بەردەوامەی كە ماوەی زیاتر لە  15 ساڵە لەعێراقدا هەیە، ئەرشیفەكەش لەناو دەچوو”.

هەر ئەو رۆژنامەیە دەشڵێ” هێنانەوەی ئەو ئەرشیفە لەلایەن ئەمەریكاوە بەجۆرێكی زۆر نهێنی بووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە ئەو ئەرشیفە نەكەوێتە دەست ئەو هێزە عێراقیانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئێستاش لە شوێنێكی نەزانراو و پارێزراوی بەغدای پایتەخت دانراوەو بەشێوەیەكی زانستیانەش تەواوی ئەو ئەرشیفەش پێچراوەتەوە”.

رۆژنامەی (وول ستریت جورنال) ئەوە ناشارێتەوە كە یەكێك لەو هۆكارە سەرەكیانەی كە ئەمەریكا وایكرد ئەو ئەرشیفە لەعێراق بگوازێتەوە، ئەوەبووە كە نەكەوێتە دەست هێزو لایەنە عێراقیەكان و وەك كارتێكی سیاسییش لەدژی یەكدی بەكار نەهێنن، ئەو مەترسیەش بەلای  لێكۆڵەرەوە رۆژئاواییەكان هەمیشە لەپیشهاتدابووەو ئەگەرێكیش بووە كە بەكارهێنانی ئەو بەڵگانە زیاتر عێراق بەرەو هەڵدێرو لەناوچوون ببات، بەتایبەتیش كاتێك كە نوری مالیكی سەرەك وەزیرانی عێراق بووە، گومانێكی زۆری لەسەر بووە كە ئەو دۆسیانەی دەستبكەوێ‌ و لەبەرانبەر نەیارەكانی خۆی بەكاری بهێنێ. هەروەك چۆن پێشتر سەدام لەساڵی 1957 هاتە ناو ریزەكانی بەعس و ووردەووردە لەناو ئەو حزبە دەسەڵاتی كەوتە دەست بەڵگەنامەكانی حزبەكەی (كە لە ساڵانی چلەكانەوە دامەزرا) كەوتە ژێردەستی و بەهۆیەوە توانی خۆی بەسەر تەواوی ئەو حزبە بسەپێنێ.     

دوای ئەو ئاڵۆزیانەی كە لەمانگی نیسانی 2003 لە بەغدا بەهۆی رووخانی سەدام دروست بوون، هەریەك لە (عەدنان مەكییە) ئەكادیمیی عێراقی و (مستەفا كازمی) سەرەكوەزیرانی ئێستای عێراق، كە ئەوكات دەزگای (الداكرە العراقیە)ی بەڕێوە دەبرد، لەبەریتانیاوە گەڕانەوە بەغدا، توانیان ژمارەیەكی زۆری بەڵگەنامەی بەعسیان دەستبكەوێ‌ كە لە ژێرزەمینەكاندا بوون ئەوكات توانیان بە هاوكاری ئەمەریكا ئەو بەڵگەنامانە لەماڵێكدا بپارێزن و نەهێڵن هێزو لایەنە مەزهەبیەكان دەستیان پێی بگات، بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی (الوتائق العراقیە)ش ئەگەر ئەوكات هاوكاری ئەمەریكا نەبوایە ئەوا تەواوی ئەو بەڵگەنامانە لەناو دەچوون.

كاتێك ئەو ئەرشیفە لەلایەن ئەمەریكاوە گەیەنرایە وڵاتەكەی ، سەرەتا لەشوێنێكی تایبەت لە ویلایەتی فەرجینیا پارێزران، دواتر درانە دەست دەزگای (هۆفر) لە كالیفۆڕنیا، كە دەزگایەكی فیكریەو پەیوەندی راستەوخۆی بە زانكۆی (ستانفۆرد) ەوە هەیە، بەپێی راگەیەنراوێكیش كە لەساڵی 2008 لایەن ئەو دەزگایە بڵاوكرایەوە، “تەواوی ئەو بەڵگەنامانە ژمارەی تایبەتیان لەسەر دانراو بەئەرشیف كراون”.

پێشتر عەدنان مەكییە ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە حكوومەتی عێراقی بەشێوەیەكی فەرمی رەزامەند بووە تەواوی ئەو ئەرشیفە لەلایەن دەزگای (هۆفر)ەوە رێكبخرێت، دواجاریش كە ئەمەریكا بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی بۆ بەغدا دەركرد، لەلایەن هەریەك لە (كۆمەڵەی پاراستنی ئەمەریكی و رابیتەی پاراستنەكانی كەنەدی) سەرپەرشتی ئەو گەڕانەوەیە كرا و ئێستاش تەواوی ئەو ئەرشیفە لە ژێر چاودێرییەكی تووندی ئەمنی لە بەغدا پارێزگاری لێدەكرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com