كەمترین مووچەی پەرلەمانتارى عێراقی 10 ملیۆن دینارە

0

نوچەنێت: فەرهاد

بەپێی زانیارییەكان كە لە سەرچاوە عێراقییەكانەوە دەستكەوتووە، مانگانە پارەیەكی پێشبینی نەكراو بۆ مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتارانی عێراق خەرجدەكرێ‌ كە خۆی لە سەدان ملیار دینار دەدات. شارەزایێكی ئابووریش ئەوە ئاشكرا دەكات كە  جگە لەمووچە و دەرماڵە بڕە پارەی تریش بۆ پەرلەمانتاران بۆ كاری جیاجیا خەرجدەكرێ.

نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری بەووردی چاودێری ئەو دۆخەی پەرلەمانی عێراقی لەبارەی خەرجكردنی مووچەو دەرماڵەكانەوە كردووە و ئەوە ئاشكرا دەكات كە “مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق بەگشتی بریتیە لە 4 ملیۆن دینار مووچەی بنەڕەتی و 2 ملیۆن بۆ دەرماڵەی پلە، 2 ملیۆن بۆ دەرماڵەی نیشتەجێبوون ، 3 ملیۆن بۆ بڕوانامە، جا ئەگەر بڕوانامەكەی دكتۆرا بێ دەرمالەكەی دەبێتە 100% و ماجستیر 75% و بەكالۆریۆس 45%، پەیمانگا 35% ، دواناوەندی 25%، بەمەش دەردەكەوێ‌ كە مووچەی مانگانەی پەرلمانتارانی عێراق لە 10 تا 13 ملیۆن دینارە، ئەگەر پەرلەمانتارێكیش خاوەن بڕوانامەی دواناوەندی بێت ئەوا كەمترین مووچەی مانگانەی وەردەگرێت كە 10 ملیۆن دینارە، كە دەكاتە مووچەی مانگانەی 20 فەرمانبەر كە خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسن”.

ئەو شارەزا ئابوورییەی عێراق بە ماڵپەری (العراق نیوز) راگەیاندووە، “لەناو پەرلەمانی عێراق، باس لەوە دەكرێ كە جگە لەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەو دەرماڵە جیاجیاكانی پەرلەمانتاران دابینكراوە، بڕێكی دیكەی پارەش بەناوی پاسەوانی پەرلەمانتاران خەرجدەكرێت، كە هەر پەرلەمانتارێك 16 پاسەوانی هەیە و بڕی پارەی مانگانەش كە بەناوی ئەو پاسەوانانەوە دەدرێت بریتییە لە 25 ملیۆن دینار.”

بەپێی زانیارییەكان بەناوی ئەنجومەنی پەرلەمانیش بڕە پارەیەكی تایبەت بۆ  خواردن و خواردنەوەی پەرلەمانتاران دابین كراوە كاتێك كە پەلەمانتارەكان سەرقاڵی كۆبوونەوەی ئەنجومەن یان كۆبوونەوەی لیژنەكانن، ئەو بڕە پارەیەش ساڵانە بە چەندین ملیار دینار مەزەندە دەكرێ.

رۆژنامەی ((الصباح)یش بڵاویكردۆتەوە كە “ژمارەی پەرلەمانتاران عێراقی 325 ئەندامن، بەپێی زانیارییەكان هەر پەرلەمانتارێك بەمووچەو دەرماڵەكانییەوە بەگشتی مانگانە نزیكەی 32 ملیۆن دینار وەردەگرێت، ئەمەو جگە لەوەی كە هەر پەرەلمنتارێكی تازەش بۆی هەیە بڕی 90 ملیۆن دینار وەك (سلفە) وەربگرێت.

رۆژنامەی ناوبراو باسی لەوەش كردووە كە ئەوەی پەرلەمانتاری عێراقی مانگانە وەریدەگرێت زۆر زیاترە لەو مانگانەیەی كە پەرلەمانتاران لە وڵاتانی جیهاندا وەریدەگرن، نموونەی پەرلەمانتاری ئەمەریكی هێناوەتەوە كە ساڵانەی نزیكەی 190 ملیۆن دینار و پەرلەمانتاری بەریتانی ساڵانە نزیكەی 200 ملیۆن وەردەگرێت، لەبەرانبەریشدا پەرلەمانتاری عێراقی ساڵانەكەی دەگاتە 384 ملیۆن دینار.

خەرجكردنی مانگانەی ئەو پڕە پارانە لە پەرلەمانی عێراقیدا لە كاتێكدایە كە عێراق بەگشتی رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و نزمبوونەوەی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی فایرۆسی كۆڕۆنا بۆتەوەو، تەنانەت حكومەت بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرەكانی خەریكە پرۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان دەكات بۆ ئەوەی بتوانێ‌ قەرز بكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com