ئەمڕۆ، بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دادەنرێت

0

(نوچەنێت) سەنگەر ئاکرەیی

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/2 کاتژمێر 11:00 بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ “حسین حەمە کەریم” لەسەر ئەم پرۆژەیە بە (نوچەنێت)ی گوت: “جوتیاران دڵنیا دەکەینەوە کە بەرهەمەکانیان ساخ دەکرێتەوە و لەمەودوا گەنمی جوتیاران هەتا پێنجسەد هەزار تەن وەردەگیرێ و ئەمە بۆ یەکەمجارە پرۆژەیەکی وەها بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.”

بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ، پڕۆژەیەکی ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری کشتوکاڵ بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.

حسین گوتیشی “ئەم پرۆژەیە کۆمەلێک پرۆژەی تری بۆ بەپیشەسازی کردنی بەرهەمەکانی گەنمی وەکو ساوار، بروێش و بەرهەمەکانی گەنمی ناوخۆی لەگەڵ دایە .”

ناوبراو گوتیشی: “بریار وایە ئەو بڕە گەنمەی کە لە جوتیاران وەردەگیرێ لە دەرەوەی ئەو بەشە گەنمەیە کە لە پشکی عێراقەوە وەردەگیرێ. حکومەتی عێراقی بڕێکی سنوردارە بۆ نمونە ئەوە دوو ساڵە سێسەد و پەنجا هەتا سێسەد و نەوەد تەن گەنم لە جوتیاران وەردەگریت.”

لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، بەمەبەستی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران چەندین سایلۆ و کارگەی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و بەم هۆیەوە، هەزاران هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێجی کشتوکاڵ دەرەخسێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com