فراكسیۆنى پارتى: حزبه‌كان له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ى بۆڕیه‌ نه‌وته‌كه‌ بێ هه‌ڵوێست بوون

0

شلێر سەعید، تایبەت بەنوچە نێت

په‌رله‌مانتارێكى پارتى و ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى ده‌ڵێ، “سه‌رۆكى په‌رله‌مان و لیژنه‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان تا ئێستا ئیدانه‌ى ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆڕییه‌ نه‌وته‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان نه‌كردووه‌”.

لە ٢٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهانى توركی ته‌قێنرایه‌وه‌ و مه‌زنده‌ ده‌كرێ زیانێكی زۆری لێ بكەوێتەوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ راگه‌یه‌نراوى حكوومه‌تى هه‌رێم هیچ لایه‌نێك تۆمه‌تبار نه‌كراوه‌، به‌ڵام پارتى دیموكراتى كوردستان په‌كه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ته‌قینه‌وه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات.

رێبوار عەبدولرەحیم بابكه‌یی له‌ فراكسیۆنى پارتى وئه‌ندام لە لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە تەقاندنەوەی بۆِریە نەوتەكە كارێكی تیرۆریستییە جا هەر كەسێك لەپشت ئەو كارانەوە یێت.

رێبوار بابكه‌یی له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، “تەقاندنەوەی بۆِریە نەوتەكە كارێكی تیرۆریستییە جا هەر هێز ولایەنێك لەپشت ئەو كارانەوە بێت، بەپێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بە كردەوەی تیرۆر ئەژماركراوە”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ درێژه‌ى قسه‌كانى بۆ “نوچه‌نێت”باسى له‌وه‌ كرد ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆڕی نه‌وتى كوردستان واتاى برسیكردنى خه‌ڵكى كوردستان ده‌گه‌ینێ، چونكه‌ 90% داهاتى هه‌رێم له‌ رێى ئه‌و نه‌وته‌وه‌یه‌.

رێبوار بابكه‌یى ره‌خنه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان ده‌گرێ، له‌وه‌ى هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ نه‌بووه‌، ئه‌و گوتى، “زۆربەی هێزە سیاسییەكان بێدەنگیان نواندوە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئیدانەی كردووە و بە كردەوەی تیرۆریستی ئەژماری كردووە، هەندێك حزب وەك كۆمەڵی ئیسلامی بە شەرمنانەوە نیگەرانی دەربریوە، و یەكێتیش نەك هەر ئیدانەی ئەو كارە تیرۆریستیەی پەكەكەی نەكردووە ناڵێم هەموویان بەڵكو بەشێك لە ناو یەكێتی لەگەڵ ئەو جۆرە شەرانگێزەی پەكەكەن و لە ژێرەوە تحریكیان دەدەن ئەوە لەسەر ئاستی حیزبەكان”.

رێبوار بابكه‌یى پێیوابوو په‌رله‌مانیش هه‌مان هه‌ڵوێستى حزبه‌كانى هه‌بووه‌، له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى، “پەرلەمانیش بێدەنگە لەسەر بابەتێك كە پەیوەستە بەهەرێمەوە بەداخەوە ئیدانەشی نەكردووە هەڵوێستیشی نەبووە، سەرۆكی پەرلەمان تا ئیدانەی نەكردووە و لیژنەی سامانە سروشتییەكان لای گۆڕانە ئەوانیش هەر بێدەنگ بوون”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com