حكوومەتی بەغدا، بڕیاری بڕینی پشكی هەرێم لەسەردەمی (مالیكی و عەبادی) هەڵدەوەشێنێتەوە

0

(نوچەنێت)

وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لە ئێستادا حكومەتی ناوەند كار بۆ بڕیارێك دەكات كە كۆتایی بەو بڕیارە بێنێ كە پێشتر لەسەردەمی حكومەتەكانی مالیكی و عەبادی لەبارەی بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان دابوویان.

ماڵپەری (بغداد الیوم)ی عێراقی لە زاری سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەت بڵاویكردۆتەوە كە  “حكوومەتی بەغدا، بڕیاری بڕینی پشكی هەرێم لەسەردەمی مالیكی و عەبادی هەڵدەوەشێنێتەوە” دەشلێ “رێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە كێشە داراییەكان بنچینەیەكی دەستووریان هەیە بە ئامانجی  چارەسەركردنی ئەو كێشانە كە لەسەردەمی كابینەكانی مالیكی و عەبادی قووڵكرانەوە”.

ئەوەشی دووپات كردەوە كە “ئەو رێككەوتنە بەهیچ شێوەیەك لەسەر بنچینەی كەسیی نیە، بەڵكو چوارچێوەیەكی دەستووری هەیە، هەربۆیەشە جێگری سەرەك وەزیران و وەفدە هاوڕێكەی تا ئێستا چەندین كۆبوونەوەی جیاجیای فەرمیان لەگەڵ حكوومەت و سەردانی لایەنە سیاسییەكانیان كردووە بۆ ئەوەی خواستی راستگۆیانەی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا ئاشكرا بكەن”.

هەورامی ئەوەشی وت كە “ئێستا حكومەتی بەغدا كار بۆ نزیككردنەوەی تیڕواننین و نەهێشتنی ئەو بەدحاڵیبوونە سیاسییە دەكات كە بووە هۆكاری بڕیاردان لەسەر بڕینی پشكی هەرێم لەسەردەمی مالیكی و عەبادی دا، كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆری بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دروست كرد”.

ماوەیەكە بەهۆی ناجێگیری دۆخی سیاسیی لەعێراق وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان نەكردووەو هەردوولاش چاوەڕێی  كۆتایهاتنی گفتوگۆی بودجە دەكەن، تا ئەوكاتە ئەو رێكەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێت بۆ ناردنی 320 ملیار دینار كە تایبەت كراوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com