ئەگەر ئەمەریكا لە عێراق بكشێتەوە چی روودەدات ؟

0

(نوچەنێت) ئامادەكردنی : فەرهاد مەلا حەسەن

لەدوای ساڵی 2003، هەمیشە بەرپرسانی ئەمەریكا یەك لەدوای یەك باسیان لە كشانەوەی هێزەكانیان لەعێراق كردووە، بەڵام كە تائێستا هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق بوونی ماوە، ئەوە بۆ چەند هۆكارێكی جیاجیا دەگەڕێتەوە ، لەسەرووشیانەوە ئەوەیە كە هێزی عێراقی بەتەنیا ناتوانێ‌ رووبەرووی هەوو ئەو ئاڵنگاریانە ببێتەوە كە عێراق پێیەوە دەناڵێنێ. ئەمەش تەواو دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە كاتێك لەبارەی كشانەوەی یەكجارەكی هێزەكانیان لە عێراقدا دووپاتی كردەوە.

بەپێی بۆچوونی شارەزایانی سەربازی، هێزە عێراقییەكان بەهۆی ئەو هاوكاریی و پشتگیرییەی كە هێزەكانی ئەمەریكا لە رابردوو كردویەتی، تا رادەیەك بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە، بەمەش یەكێك لەو بەرەوپێشچوونانە شكسپێهێنانی رێكخراوی داعش بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێكی فراوانی خاكی عێراقدا گرتبوو.

سەرەڕای هەموو ئەمانە ، بەڵام پرسیارە گرنگەكە لێرەوە دەستپێدەكات، كە ئاخۆ هێزە عێراقییەكان دەتوانن ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن كە پێویستە بۆ وڵاتەكەیانی بكەن ؟

سەرەڕای شكستهێنان بە رێكخراوی داعش، هێزە عێراقییەكان رووبەڕووی زۆرێك لە ئاڵەنگاری دەبێتەوە ، كە دیارترینیان رووبەرووبوونەوەی ئەو ملیشیا ئێرانیانەیە كە لەناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیە. چونكە مەترسی ئەو میلیشیایانە ئەوەیە كە توانیویانە بەشێوەیەكی فەرمی نوێنەریان لەناو پەرلەمانی عێراقیدا هەبێت و ئەمەش وایكردووە كە زۆرجاران دەنگی دەركردنی هێزە ئەمەریكیەكان لە عێراقدا لەناو هۆڵی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەرز بێتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ‌ كە ئەو میلیشیا چەكدارانەی سەر بە ئێرانن بەتەنها پێناسەی ئەو دەستەو گروپ و باندە چەكدارانەیان بۆ ناكرێ كە بوترێ ئێران بۆ بەرژەوەندی سیاسیەتی خۆی لەناو خاكی عێراق هەڵیاندەسوڕێنێ‌ و بەتەنها  هێزێكی چەك بەدەست بن، بەڵكو بوونی ئەو نوێنەریان لەناو پەرلەماندا رووخسارێكی دیكە بەو میلیشیایانە دەدات و ئەمەش مەترسییەكەی زیاتر كردووە.

لەئێستادا هێزە عێراقییەكان گەر بیانەوێ‌ خۆیان پاراستنی وڵاتەكەیان لەئەستۆ بگرن ئەوا پێویستیان بەوەیە دوو پێوەری گرنگ رەچاو بكەن كە لەناو خودی ئەو هێزە هەبێت، یەكەمیان سەربازیی و ئەوەی تریشیان سیاسییە.

لەباری سەربازییەوە بەرپرسانی بوارە پێیانوایە كە ئەو پێوەرە بوونی لەناو هێژە عێراقیەكاندا هەیە بۆ ئەمەش بەرەوپێشچوونێكی باش لە رووی تەكنیكی سەربازییەوە هەیە بەلام تارادەیەك كەموكوڕی لۆجستی خاڵی لاوازی بووە. بۆیە دەبینرێ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو ووڵاتە، بەتایبەتیش لەدوای رووخانی سەدامەوە هەموویان لەرووی كۆنتڕڵكردنی ئارامیی و ئاسایشی وڵات شكستیان هێناوە، هەموو ئەو شكستانەش دەورانی سیاسەت و ئایدیۆلۆژییەكی سەربازی و ئەمنی بووە كەدواجار ئێران رۆڵە سەرەكییەكەی تێدا بینیووە.

هەرچەندە لە ئێستادا حكومەتی كازمی بەچاوێكی جیاواز لەلای رۆژئاواییەكان سەیری دەكرێ، بەڵام ئەویش بێبەش نیە لە كەموكوڕی و قەیرانەوە، بەتایبەتش قەیرانی سیاسیی، كە هەمیشە رووبەڕووی دۆخێك دەبێتەوە كە دەیانەوێ ئەوەی كازمی لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیەوە بۆ عێراقی كردووە، بیگەڕێننەوە سەر خاڵی سفری جارانی، ئەو كێشانەش بریتین لە قەیرانی ئابووری كە خەریكە وڵات بەرەو خنكان دەبات،  ملیشیاكانی سەر بە ئێرانیش خەریكن ناوەڕۆكی بەغدا دەكەنە (تاران)ی دووەم، چونكە هەمیشە كاری ئەو میلیشیایانە داواكردنی دەركردنی سوپای ئەمەریكاییە لەعێراقدا. بەتایبەتیش دەنگی ئەو دواكاریە  لەدوای كوژرانی قاسم سولێمانییەوە بەرزتر و زیاتر بووە.

شارەزایان دەڵێن كازمی پێویستی بە هاوكاری و پشتگیریكردنێكی بەهێزتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ‌ سەرلەنوێ‌ بونیادی وڵاتەكەی لەبەرانبەر هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران و رێكخراوی داعش بنێتەوە كە خەریكە ئەویش سەرلەنوێ لەو وڵاتەدا خۆی رێكدەخاتەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا (چ ئەوانی پێشتر و ئەوانەی ئێستاش..) ئەوە دووپات دەكەنەوە  كەهەرچەندە گەراندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ولاتەكەیان داواكاری چەند جارەی خودی سەرۆك ترامپیشە بەڵام پێویستە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی درێژ لەو ووڵاتە بمێننەوە و جارێ‌ باس لە گەڕانەوەیان نەكرێت.

واشنتۆن پێیوایە ئەگەر ئەمەریكا بیەوێ‌ ئەو نموونە دیموكراسییەتەی باسی دەكات رەنگڕێژی عێراقی پێبكات، دەبێ بەهێزێكی زیاتر لە عێراق بمێنێتەوە، چونكە مانەوەی هێزەكەی بۆ بەرانبەر ئێرانە تا ئەوكاتەی ئارامی و ئاساییش نەك لە عێراق، بگرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەكات.

چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش كاتێك مستەفا كازمیی سەردانی ئەمەریكای كردو سەرۆك ترامپی بینی، یەكێك لەو تەوەرە سەرەكیانەی باسیان كردبوو كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بوو لەعێراقدا، كەواتە عێراق دەمێكە كەوتۆتە نێو بەرداشی دوو خواستی جیازواز، خواستێكیان لە ئەمەریكایەو هەر لەسەردەمی ئۆباماوە تا ئێستاش دەیەوێ‌ هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بكشێنێتەوە، خواستی دووەمیشیان لە بەغدایە كە دەیەویً بە پاڵپشتی ئەو هێزە جیهانییە ولاتەكەی لەرووی ئابووری و ئەمنی و سەقامگیرییەوە بەتەندروستی بهێڵێتەوە؟!

سەرچاوە: ماڵپەری (دیفینس ون).

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com