كۆسرەت ڕەسول سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پرسەنامەیەكدا هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم دەردەبڕێت و دەڵێ ” لە دەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵە”
دەقی پرسەنامەکە:
بە خەم و پەژارەیەكی یەكجار قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی (دكتۆر نەجمەدین كەریم)م زانی.
دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكار و تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لە پێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاتر و گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان، لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركوك لە ڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركوك و كەركوكییەكان بكات.
بە داخەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد و بۆ هەتا هەتایە هەموومانی جێهێشت، خەمی كۆچی دوایی و لە دەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵە و هەموومان نیگەرانین، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاڕاستەی خۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان دەكەم. داواكارم خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردووش جێگای بەهەشتی بەرین بێت.
كۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان