یەکێتی کەمئەندامان داوا دەكەن بەشێک لە سەروەتی (نەجمەدین کەریم)یان وەك هاوكاری پێبدرێت

0

(نوچەنێت) سەنگەر ئاکرەیی

هاوکات لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، سامان حسین، سەرۆکی یەکێتی کەم ئەندامانی كوردستان، لە پۆستێک كە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویكردۆتەوە، داوا لە بنەماڵەی نەجمەدین کەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارێزگاری كەركووك دەکات بەر لە مردنی، بەشێک لە سەروەتی ناوبراو بدرێتە کەمئەندامان.

لە پەیوەندییەكدا سامان حسین، سەبارەت بەم پرسە، بە (نوچەنێت)ی گوت: “ئەم قسەیەی من بۆ تان و تەشەر نەبووە و لە سۆنگەی دڵسۆزی و تێڕوانینم بۆ جەنابیان کردووە و پێشبینی دەکەم کاردانەوەی هەبێ. کورسی کەمئەندامان بە ٨٠ هەزار دینارە و هەر نەبێ دەتوانێ ٥٠ کورسییەک بکڕێت.”

ناوبراو گوتیشی: “دۆخی کەمئەندامان زۆر خراپە و خەڵک هەبووە کە بە هۆی کۆرۆناوە هاوکاری کردووە و ئێمەش دەمانەوێ کاک دکتۆر و خانەوادەکەی ئەو هاوکارییە بکەن و هەرگیز نەمویستووە بە تانەوە قسە بکەم و هەرکاتێک کردیان رێورەسمێکی بۆ ئەکەم کە ناوازە بێت.”

لایخۆشییەوە مەهدی محەمەد بەرپرسی پرۆژەکانی یەكێتی کەمئەندامانی كوردستان لە لێدوانەکدا بۆ (نوچەنێت) گوتی “هەموو رێگایەکمان گرتووەبەر تا بتوانین هاوکاری دۆخی خراپی کەمئەندامان بکەین. چونكە موچەی کەمئەندامان دوو مانگ جارێک ١٥٠ هەزار دەدرێت و بەشی هیچ ناکات”.

لە درێژەی لێدوانەکەی دا ناوبراو گوتیشی “حکومەت ئەو موچەیەی بە کەمئەندامان دەدات بە مەرجە واتە ئەگەر داهاتی تری هەبێ وە یان خانەنشین هەبێ ئەوا لە ٨٠ هەتا ١٠٠ هەزاری دەدەنێ.”

بە پێی ئامار و داتاکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی تا ئێستا زیاتر لە سەد هەتا سەد و دە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان موچەی کەمئەندامی وەردەگرن و ئەم رێژەیە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە موچە وەردەگرن. پێدەچێ رێژەی کەمئەندامان لە کوردستان زیاتر لەم ژمارەیە بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com