شلێر سه‌عید ، تایبه‌ت به نوچه نێت
شه‌وى رابردوو تیرۆریستانى داعش له ناحیه‌ى سێگردكانى قه‌زاى كۆیه بینراون، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه ده‌ڵێ، “تیرۆریستان سوودیان له دوورى نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى عێراق بینیوه و بۆیه هه‌ندێك جموجۆڵ ده‌كه‌ن”.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ئه‌مڕۆ بڵاوكراونه‌ته‌وه، چه‌ند چه‌كدارێكى كه ده‌گوترێ سه‌ربه رێكخراوى تیرۆریستى داعش بوون، شه‌وى رابردوو له نزیك ناحیه‌ى سێگردكان بینراون و هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵان و ته‌قیان له خه‌ڵك كردووه.
له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا رووداوى له‌م شێوه‌یه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى وه‌ك مه‌خموور و كه‌ركووك دووباره بووه‌وه. بابه‌كر پشده‌رى به‌رپرسى راگه‌یاندن و رۆشنبیرى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه له لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، گوتى “داعش سوود له‌و ناوچانه وه‌رده‌گرن كه پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى عێراق له یه‌كتر دوورن”.
بابه‌كر پشده‌رى باسى له‌وه‌یش كرد ئه‌وان پلانێكیان داناوه بۆئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه له‌و ناوچانه بكه‌ن كه رووداوى له شێوه‌ى شه‌وى رابردوودى تێدا روو ده‌دات و گوتى، “هه‌وڵ ده‌ده‌ین له لیژنه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كان ئه‌و بۆشاییانه پڕ بكه‌ینه‌وه كه دروست بوون”.