(نوچەنێت) ئاژانسەكان
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە تورکیا، کە رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە، دوای ئەوەی بۆی یەکلایی دەبێتەوە کە تورکیا سیستەمی مووشەکی ئێس 400 تاقیدەکاتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا دەڵێ “ساڵی پار بە ئەنقەرەمان ووتوە كە كارپێكردنی سیستەمی موشەكی ئێس 400 بەلای ئەمەریكاوە هێڵی سوورە .
کلارک کوپەر، بەرپرسی فرۆشتنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند: مەترسی هەیە تورکیا رووبەڕووی سزای ئەمەریکا ببێتەوە، چونکە ئەوان بەردەوامن لەهەوڵی جێگیرکردن و تاقیکردنەوەی سیستەمە مووشەکیە رووسییەکە”.
بەپێی یاسایەک کە لە 2017 بە زۆرینەی دەنگی کۆنگرێس پەسندکراوە، ئەمەریکا دەتوانێ سزا بەسەر تورکیا بسەپێنێت. لە یاساکەدا سزا بۆ “رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەمەریکا” دانراوە، لە یاساکەدا بەروونی هاتووە “ئەمەریکا دەتوانێ راستەوخۆ سزا بخاتە سەر وڵاتێک ئەگەر گرێبەستێکی گرنگی کڕینی چەکی رووسی واژۆ کرد”.
کوپەر، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “بە تورکیامان گوتووە هەرگیز تاقیکردنەوەی سیستەمە مووشەکییەکە قبووڵ ناکەین، هێشتا هەوڵیش دەدەین بۆ رازیکردنی تورکیا لە کارپێنەکردنی ئەو سیستەمە مووشەکییە”.
جێی باسە رهجهب تهیب ئهردۆغانی سهرۆككۆماری توركیا لەرۆژی 23ی ئەم مانگە لهبارهی تاقیكردنهوهی سیستهمی ئێس-400ـی رووسی گوتبووی “ئەو تاقیکردنەوانە راستن، کراون و دەکرێن. وهك چۆن چهكی رووسیمان ههیه بهههمانشێوه چهكی ئهمەریكیشمان ههیە و تاقیكردنهوه بۆ ئهوانیش دهكرێت. بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا ناتوانێت ئێمە ببەستێتەوە. بۆ تاقیكردنهوهی ئێس-400 پرس بە ئهمەریكا ناكهین”.
ساڵی 2017 دەوڵەتی توركیا لەگەڵ رووسیا گرێبەستی یەکەم قۆناخی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار واژۆکرد. پێشتر تاقیکردنەوە لەسەر راداری مووشەکەکان کراوە، بەڵام رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار مووشەکەکان تەقێندران و تاقیکرانەوە.