(نوچەنێت) سەنگەر ئاکرەیی
ئەمشەو ٢٨ـی تشرینی یەکەم چەند چەکدارێکی داعش لە سنوری قەزای کۆیە بینراون.
بە گوتەی شایەتحالەکان، سێ چەکداری داعش چوونەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک و داوای خواردنیان لێکردوون و دواتر تەقەیان لە بەساڵاچووەک کردووە و گرژی و ئالۆزی لە نێوان چەکداران و خەلکی ناوچەکە دروستبووە.
بە گوتەی قائمقامی کۆیە شەوی رابردوو، چەند چەکدارێکی داعش لە شوان و شێخ بزێنییەوە بە زێی بچووک دا پەڕیونەتەوە بۆ سنووری ناحیەی سێگردکان لە سنووری قەزای کۆیە.
قائمقامیمی کۆیە، یوسف کەلکانی، لە لێدوانەکدا بۆ (نوچەنێت) گوتی: “لە دوێنێوە زانیاریمان هەبوو کە بەنیازن بهێنە ئەو ناوچەیە. ئەم چەکدارانە پێشتریش بەر لە هەفتەیەک دزەیانکردبوو بۆ سنورەکە و لەوێ چالاکیان کردبوو”.
سەبارەت بە شەرە تەقەکەی نێوان هاولاتیان و چەکدارانی داعش، ناوبراو گوتی: “ئەوان وایان زانیبوو کە ئەو هاولاتییە بۆ لای ئەوان دەچێ بۆیە تەقەیان کردبوو کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیشی نەبووە و ئێمە لەگەل لایەنی ئەمنی لەسەر خەتین و ئاگادار کراونەتەوە.”