ئەمرۆ بازنەكانی كەركوك یەكلایی دەكرێتەوە

0

شلێر سەعید، تایبەت بە نوچە نێت

لایەنەكانی كەركووك رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پارێزگاكە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، هێشتا هه‌ندێك ناكۆكیش ماوه‌، پەرلەمانتارێك دەڵێ، “ئەمرۆ پێش دانیشتنی پەرلەمان دەبێت یەكلابێتەوە”.
‌
رێبوار ته‌ها پەرلەمانتاری كەركووك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە په‌رله‌مانى عێراق بە نوچەی راگەیاند، “ئەمرۆ پێش كۆبوونەوەى په‌رله‌مان دەبێت رێككەوتن كرابێت” .

رێبوار تەها لە لێدوانەكەی بۆ نوچەنێت روونى كرده‌وه‌ نوێنه‌رانى شاره‌كه‌ له‌ناوخۆیاندا چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌یش گوتی، “سەبارەت بە كەركوك ئێمە لەناو خۆمان لەناو پێكهاتەكان چەندین كۆبوونەوەمان كردووە، حاڵی كەركووكیش وەك حاڵی پارێزگاكانی دیكە دەبێت سێ بازنەیى بێت” .

رێبوار ته‌ها باسى له‌وه‌ كرد نوێنه‌رانى كه‌ركووك له‌ رێككه‌وتن نزیكن و به‌ر له‌ دانیشتنى ئێواره‌ به‌ په‌رله‌مانى ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌و ناكۆكییه‌ى كه‌ تا ئێستا ماوه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ گوتى، “كێشەو ناكۆكیەكان لەناو كورسییەكانی ناو بازنەكانە، یەك كورسی هەیە كە ناكۆكیمان هەیە لەسەری ئەویش ئێمە داوادەكەین لە ناوچەی بازنەی شەرقی بێت ئەوان داوادەكەن لە بازنەی ناوەراست بێت” .

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى رێبوار ته‌ها دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، لایه‌نه‌كان له‌ رووی پرەنسیپەوە گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركووك بكرێته‌ سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، بەهەمان شێوەی مەرجەكانی پارێزگاكانی دیكە و ناكۆكیەكان لەسەر كورسیەكانی بازنەكانی هەڵبژاردنە، كورد لەكەركوك دەیەوێت كورسییەك لە رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووك بێت كە ئەو ناوچانە كوردنشینن دەنگی كورد مسۆگەر دەكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com