(نوچەنێت ): سەنگەر ئاکرەیی
دوێنێ ٢٧ـی تشرینی یەکەم، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی (پەکەکە)ی دایەوە و داوا لە موراد قەرەیلان دەکات چیتر كێشەی خۆیان و خەڵكی تر نەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.
ئەم راگەیێندراوەی پارتی دوای ئەوەدێت كە موراد قەرەیلان ٢٧ـی تشرینی یەکەم لە بلاوکراوەیەک لە میدیاکانی (پەکەکە) ئاماژە بەوە دەکات کە “پارتی دیموکراتی کوردستان رێگەی هاتوچۆی گەریلاکانیان دەگرێت و لەوانەیە شەڕ رووبدات”
ئەم لێدوانانەی بووە هۆی نیگەرانی سەرکردایەتی پارتی و دەستبەجێ لە راگەیێندراوێكدا وتیان:” ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ بۆیە داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.”
ئەمەش دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە:
جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.
لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانە وەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاوڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!
پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێبێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.
لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.
مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
27ـی تشرینی یەکەمی 2020