بایدن.. له‌ هه‌موو كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى مێژووى ئه‌مریكا له‌ كورد نزیكتره‌

0

ئه‌گه‌ر بایدن ببێته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئه‌وا سه‌رۆكێك ده‌بێت كه‌ زۆرترین زانیارى له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌

به‌شى دووه‌م
بۆ خوێندنه‌وه‌ى به‌شى یه‌كه‌م لێره‌ كلیك بكه‌

راپۆرتى شیكاریى، فه‌رهاد مه‌لا حه‌سه‌ن

كورد و ئەمەریكا و دیپلۆماسییەتی نوێ

لە 2003دا ئاستێكی نوێی دیپلۆماسی لەنێوان كورد و ئەمەریكا هاتەكایەوە و كورد هاریكاریی ئەمەریكای كرد بۆ لەناوبردنی حكومەتی سەدام. لە 12ی تەمووزی 2003 مەجلسی حوكم لە عێراقدا دروست كرا لە 25 كەسایەتی عێراقی كە 6 كەسیان كورد بوون، لەو 25 كەسە 12 كەسایەتیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی حكومی عێراق بكەن بۆ یەك ساڵ لەوانەش هەریەك جەلال تالەبانی و مەسعوود بارزانی تێدابوون، لەوكاتیشدا ئەمەریكا رەزامەندی نیشاندا بۆ دانانی جەلال تاڵەبانی وەكو یەكەم كورد لە مێژووی عێراق كە ببێت بە سەرۆك كۆماری عێراق و دواتر بۆ یەكەمجاریش بە فەرمی بەخێرهاتن لە شاندی كوردی بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی كرا لە كۆشكی سپی لە تشرینی یەكەمی 2005.

سەردەمی ئۆباما و جەختكردنەوە بۆ یەكگرتوویی عێراق
پاش ئەوەی ئۆباما لە 2008 دا بوو بە سەرۆكی ئەمەریكا، بایەخێكی زیاتر درا بە بەغدا. كورد و سوننە پشتگوێخران لەسەر حیسابی شیعە و رۆڵی ئێران لە عێراق تا دەهات زیادی كرد، بەڵام لەهەمان كاتدا ئاستی دیپلوماسی لەگەڵ كوردستان بەرزبوەوە بە كردنەوە كۆنسوڵیەتی ئەمەریكا لە هەولێر لە 20ی حوزەیرانی 2010، بەڵام ئۆباما تا كۆتایی حوكمكردنی هەر پێداگریی لەسەر یەكگرتوویی عێراق دەكردەوە و سەرتاپای بیرورای بەشێكی سیاسەتمەداران لە ئەمەریكا كە دژی ئەو هەڵوێستەی ئۆباما بوون. هەرچەندە شەری دژ بە داعش لە 2014ەدا جارێكی تر بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكاو كوردی نزیكتركردەوە و ئەمجارەش پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی (سەربازی، سیاسی و ئابوری) و رێكدەخران و كورد بوو بە یاریزانێكی سەرەكی لە شەڕی دژ بەداعش بەڵام سیاسەتی ئۆباما هەر مەیلی بەرەو حكومەتی ناوەند بوو، تەنانەت ئەو بریارەش كە لە كۆمیتەی چەك لە كۆنگرێسی ئەمەریكی دەرچوو بۆ هاریكاری راستەوخۆی كورد و سوننە بێ گەرانەوە بۆ حكوومەتی ناوەند كاری پێنەكرد تا كۆتایی كاتەكەی لە سەرۆكایەتیدا بەڵام ئەمانە بۆچونێكی نوێیان هێنایە كایەوە لەلایەن سیاسەتمەدارە ئەمەریكیەكان سەبارەت بە مەسەلەی كورد و پاشەرۆژی عێراق.

كورد لە سەردەمی ترامپ
هەرچەندە چاوەڕوان دەكرا كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی ترامپدا لاپەرەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ئەمەریكاو كورد هەڵبدرێتەوە و پەیوەندیەكان بەهێز و رێچكەیەكی پۆزەتیڤانە وەربگرن بەتایبەتی لەو لایەنەوە كە پەیوەستن بە شەری دژ بە داعش. بەڵام دۆناڵد ترامپ پێش سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكان و بوونی بە سەرۆكی ئەمەریكا چەند جارێك كوردی وەك (شەركەرێكی باش) وەسف دەكرد، دوای ئەوەی كە بووە سەرۆكیش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا وەڵامی بێ زانیاری لەبارەی كوردەوە دایەوە كە وتی ” كوردەكان لەشەڕی نۆڕماندی دا هاوكاری ئەمەریكایان نەكردووە..!) ئەم دوو لێدوان و قسەیەی ترامپ ئاماژەیەكی راستەوخۆ بوون لەوەی كە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا كەمترین زانیاری لەسەر كورد هەیە، هەربۆیەشە چاوەڕێ نەدەكرا لەسەردەمی ترامپدا پەیوەندی نێوان كورد و ئەمەریكا لەوەی پێشتر هەبووە بەهێزتر بێت. ئەوە نەبێ كە شەڕی دژ بە داعش و كورد وەك دیفاكتۆیەك لەناو ئەو شەڕەدا وایكرد كە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە 19ی نیسان2017 بڕیارێكی گرنگ ومێژوویی بۆ فرۆشتنی چەك بە پێشمەرگە وەكو سوپایەكی سەربازی لەناو دەزگای بەرگری عێراقدا بدرێ، ئەمەش گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەیە لە مێژووی كورد و ئەمە یەكەم بڕیاری فەرمی وەزارەتێكی ئەمەریكایە كە تایبەت بێت بە كورد.
كاتێكیش ترامپ لە مانگی ئۆكتۆبەری 2019 بڕیاری كشانەوەی هێژەكانی ئەمەریكی دا لە سووریا، توڕەبوونێكی بەرفراوانی كوردی لەهەموو پارەچەكان رووبەڕوو كرایەوە، كە ناوبراو لەبەرژەوەندی دەوڵەتی توركیا ئەو بڕیارەی داوە، هەرواش دەرچوو چونكە راستەوخۆ لەدوای ئەو كشانەوەیە هێژەكانی توركیا هێرشی سەربازیان دەستپێكرد و ژمارەیەكی زۆری كورد بەو هۆیەوە بوونە قوربانی و ئاوارەو پاڕاگەندەی سنوورو دەوڵەتان بوون.
ئەم بڕیارەی ترامپ كە لە زۆر ناوەندی نێودەوڵەتیش بە (خیانەت كردن لە كورد) پێناسەی بۆ كرا، لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت لە ناوخۆی ئەمەریكاش توڕەیی و رەتكردنەوەی رووبەڕوو كرایەوە، ئەوەبوو بۆ شاردنەوەی دەرەنجامی ئەو بڕیارەی، (مەزڵوم عەبدی) كە كەسایەتییەكی ناوداری كوردە و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی (هەسەدە)یە بەفەرمی بانگێشتی كۆشكی سپی كرد و گكۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵدا ئەنجام دا. بەڵام ئەو داوەتە فەرمیەش نەیتوانی لە قەبارەی بڕیارە هەڵەكەی ترامپ لەبەرانبەر كورد بچووك بكاتەوە. بۆیە دەكرێ بڵێن سەردەمی ترامپ بۆ پەیوەندی یكورد و ئەمەریكا سەردەمێكی چەقبەستوو بوو بۆ هەردوو لاو و هیچ بەرەوپێشچوونێك لە پەیوەندییەكانیان رووی نەدا.

ئەگەر (جۆ بایدن) ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا ؟
جۆ بایدن ، پێچەوانەی دۆناڵد ترامپ و زۆرێك لە سەرۆكانی پێش ئەویش ، بەیەكێك لەو كەسایەتییە سیاسییە دیارانەی ئەمەریكا دادەنرێت كە هاوسۆزییەكی زۆری بۆ كورد هەیە، نەك بەتەنها بۆ كورد لەهەرێمی كوردستان بەڵكو بۆ كوردانی باكوور (توركیا) و كوردانی رۆژئاوا (سووریا)ش، بەڵام ئەوەی وەك خاڵێكی نەنگ و لاواز لەهەڵوێستی ئەو كەسایەتییە باسدەكرێ، ئەوەیە كە تا ئێستا و بەهیچ شێوەیەك بەباش و بە خراپ باسی لە كوردەكانی رۆژهەڵات (ئێران) نەكردووە، لەكاتێكدا وڵاتەكەی ماوەی چەندین ساڵەو بەبەردەوامی كار لەسەر ستراتیژیەتێكی بەهێزو فراوان و تایبەت بۆ دژایەتیكردنی ئێران دەكات.
یەكەمین وێستگەی دەستپێكردنی ئەو هاوسۆزیەی بایدن بۆ كورد لە ساڵی 2002 دەستیپێكرد، ئەوكاتەی ناوبراو وەك سیناتۆرێكی ئەمەریكی لە مانگی دیسەمبەری ئەو ساڵەدا هاتە هەولێر و لەپەرلەمانی كوردستاندا وتارێكی پێشكەش كرد ، لە وتارەكەیدا پشتگیری بۆ گەلی كورد بە چەند وشەیەك دەربڕی، ئەویش بریتی بوو لەوەی “چیتر چیاكان بەتەنیا دۆستی ئێوە نین ..” بەمەش بەڵێنی دا كە پێویستە واشنتۆن پاڵپشتی و یارمەتیدەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
ساڵی 2003 ش كاتێك بڕیار لەسەر داگیركردنی عێراق درا، لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكی دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆسەیە درا، كە ئایا پێویستە سەدام حوسێن بڕوخێندرێ یان نا؟ لەوكاتەدا بایدن دەنگی بەبەڵی داو لەناو هۆڵی ئەنجومەنیش لە وتەیەكی كورتدا رایگەیاند “سەدامی دیكتاتۆر بەشێوەیەكی دڕندانە خەڵكی مەدەنی لەناوبردووە،یەكەمجار كوردەكان لەباكوور و ئینجا شیعەكان لە باشوور، پاشان جارێكی تر كوردەكانی سەركوتكردووە..”
لەساڵی 2006 یشدا، كە ئەوكاتەش سیناتۆر بوو پڕۆژەیەكی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی عێڕاق خستەڕوو، ئەویش دروستكردنی سێ دەوڵەت بوو بۆ (كورد و شیعەو سوونە) لە عێڕاقدا، ئەم پڕۆژەیەی بایدن بەلای كوردەوە جێی خۆشحاڵی بوو، بەوپێیەی خواستی لەمێژینەی كورد لەناو ئەو پڕۆژەیەدا رەنگدەداتەوە، ئەمەش بووە سەرەتایەكی تر بۆ ئەوەی شەقامی كوردستانی جارێكی تر لە ئەمەریكییەكان بێهیوا نەبن.
جۆ بایدن لەساڵی 2002 وەوە تائێستا چ وەك سیناتۆر و چ وەك جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (ئۆباما)، یەكێك بووە لەو بەرپرسە باڵایانەی ئەمەریكا كە زۆرترین جار سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بەگشتی كردووە ، ئەویش بریتی بووە لە 24 جار، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ناوبراو موكووڕ بووە كە لە نزیكەوە ئاگاداری وردی دۆخی عێڕاق بێت و نەیویستووە لە دوورە بڕوانێتە واقیعی ئەو كێشانەی كە عێراقی تێدا دەگوزەرێ.
هەرچەندە مێژوو بە كوردی وتوە كە ئەمەریكا هەرگیز دۆستێكی راستەقینەی كێشەكەی نەبووە، بەڵام ئەوەی لە بایدن دەبینرێ شتێكی جیاوازترە ، ئەو خاوەنی پڕۆژەیەكی راگەیەنراوە بۆ چارەسەری دۆخی عێڕاق و لەناو ئەو پڕۆژەیەشیدا كورد سەرەكیترین سوودمەندیەتی.
لەبارەی كوردی باكووریشەوە ، هەرچەندە بایدن پێشتر رایگەیاندووە كە پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستە، دیارە ئەوكات ئەو قسەیەی بەدڵی ئەردۆغان و توركیا بووە، بەڵام لەلایەكی تر بەپێی قسەی (برایان جیبسون) لێكۆڵەری بەناوبانگی ئەمەریكی كە لە گۆڤاری «فورین بولیسی» بڵاویكردۆتەوە ، دەڵێ “بایدن یەكێكە لەو بەرپرسە ئەمەریكیانەی كە بایەخ و گرنگیەكی تایبەت بە ژمارەیەك كەسایەتی ئەكادیمیی پەكەكە دەدات”، لەلایەكی تریش بایدن ئەوەی رەتكردۆتەوە كە (یەیەكەكانی پاراستنی گەل) لە سووریا، بەوپێیەی لە پەكەكەوە نزیكن، وەك رێكخراو و هێزێكی تیرۆریستی پێناسە بكات. هەر بۆیەشە ئەردۆغان لەساڵی 2016 لەبارەی جۆ بایدنەوە دەڵێ ” بایدن كەسایەتییەكی ئاڵۆز و نەیارە بە توركیا”.
سەرەتای ئەم مانگەش لەمیانی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا دەنگێكی تۆماركراوی چەند ساڵێك پێش ئێستای جۆ بایدن بڵاوكرایەوە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ سیاسەتەكانی ترامپ لەبەرانبەر تووركیادا، لەو دەنگە تۆماركراوەدا بایدن دەڵێ ” ئەگەر بوومە سەرۆكی ئەمەریكا، ئامادەم هانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەكانی ئەردۆغان بدەم بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا شكستی پێبێنن..” هەمان كات رەخنەی تووندیش لە دۆناڵد ترامپ و ئیدارەكەی دەگرێ و تۆمەتباریان دەكات بەوەی كە لە سووریا (خۆیان رادەستی ئەردۆغان كردووە..!) لەكۆتایی ئەو دەنگە تۆماركراوەشیدا بایدن دەڵێ ” دوا شت كە من بیكەم ئەوەیە گوێڕایەڵی ئەو شتانە بم كە پەیوەندی بە كوردەكانەوە هەیە”.
جەیمس جێفرى، كە ئێستاش نێردەی تایبەتی ئیدارەی ترامپە بۆ سووریا، لەبارەی جۆ بایدنەوە دەڵێ ” بایدن پەیدەندییەكی خراپ و ئاڵۆز لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هەبووە و لەزۆر بابەتەكاندا ناكۆك بوو لەگەڵێ، بەڵام هەمان كات پەیوەندیەكی باش و بەهێزی لەگەڵ كوردەكان هەبوو، بەتایبەتیش لەگەڵ هەردوو سەركردە تاڵەبانی و بارزانی ” دەشڵێ لەوكاتەی كە داعش لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی هەڕەشەو مەترسییەكانی دابوو، ئیدارەی سەرۆك ئۆباما پەیوەندییەكی سەربازی بەهێزی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەعێراق و یەكەی پاراستنی گەل لە سووریا دروستكرد “.
ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، ئەوا پێویستە ئەو گومان و ترسەی لەسیاسەتی دەرەوەیدا تاقیبكاتەوە، كە بۆ وڵاتانی وەك عێراق و توركیا و ئێران و سووریا هەیەتی (بەوپێیەی ژمارەیەكی زۆری كورد لەو وڵاتانە هەن) چونكە پێشبینی كراوە كە ئەو وڵاتانە نیگەرانی تێڕوانین و هەڵوێستەكانی بایدن و پڕۆژەكەین كە بۆ عێراق رایگەیاندووە. بایدنیش دەزانێ‌ كە مێژووێكی دوور و درێژی ململانێ و مەترسی لەنێوان ئەو وڵاتانەو كوردەكاندا هەیە.

كەواتە !
ئاشكرایە ئەمەریكا هێزێكی سەرەكیە لە جیهاندا و پشتگیریی ئەو گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلی كورد، بەڵام خاڵە هەستیارەكە ئەوەیە كە چۆن و لە كوێدا بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكاو كورد یەكدەگرن تا كورد ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت كە سەدان ساڵە خەونیان پێوە دەبینێت. ئەوەی لۆجیكە كورد دەسەڵاتی بەسەر سیاسەت و كاروكاردانەوەی ئەمەریكادا نییە بەڵام خۆ دەسەڵاتی بەسەر سیاسەت و كاروكاردانەوەی خۆیدا هەیە. راستە كە جیوگرافیای نیشتیمانی كورد هۆكارێكی نەگەتیڤی بووە بەهۆی هەوڵی دەسەڵات و دەستێوەردانی نەتەوە و ووڵاتانی دەوروپشت بەڵام بەشێكی شكستەكان گەلی كورد دەگەرێتەوە بۆ كەمتەرخەمی خۆی لەرووی نەبونی یەكریزی نەتەوەیی و وانە وەرنەگرتن لە پێشوو و شینەكردنەوەی زانستی بۆ شكستەكان، ئەمانە هەمویان نیشانەی لاوازی و ناتەبایی و بێمتمانەییە بەخۆ . راستە بەرژەوەندیە نەتەوەییەكانی گەلی كورد نابێت مساومەی لەسەر بكرێت بەڵام گەیاندنی ئەو مەسیجە بۆ ووڵاتانی جیهان (بە تایبەتی بۆ ووڵاتێكی زلهێزی وەكو ئەمەریكا) و تێگەیاندنیان لە ماف و بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد دەبێت بە پلانێكی ستراتیژی نیشتیمانیەوە بكرێن، جگە لەوەش نەبونی لۆبیەكی كوردی بەهێزو یەكگرتوو لە دەروەی وڵات بەهۆی ململانیە حزبیەكانەوە هۆكاربون بۆ نەخستنی فشار لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پشتگیرینەكردنیان لە دۆزی كورد لە پێناو دروستبونی دەوڵەتی كوردی لە باشوری كوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com