(نوچەنێت) . فەرهاد
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق خاڵە سنووریەكانی هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لەو خاڵە سنووریانە، كاری قاچاخچێتی بەردەوامی هەیە. لەبەرانبەردا وتەبێژی یەكێك لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوە رەتدەكاتەوە كە بەقاچاخ هێنان و بردنی كەلوپەل لە خاڵە سنووریەكەی ئەواندا هەبێ.
لەمبارەیەوە (سیروان حسێن محەمەد) وتەبێژی دەروازەی نێودەڵەتی حاجی ئۆمەران ئەو تۆمەتانەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی رەتكردەوەو بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “لە دەروازەكەی ئێمەدا بەهێچ شێوەیەك سەرپێچی كردن و كاری بەقاچاخ هێنان و بردنی كاڵاكان نیە” روونیشیكردەوە كە ئەو وەك وتەبێژی ئەو دەروازە نێودەوڵەتیە قسە دەكات، نەك تەواوی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەپێی ئەو رێكارە یاسایی و رێنماییانە مامەڵە دەكات كە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندارەكانەوە بۆی دێت. ئەوەشی ووت ” تا ئێستا شتێك لە میدیاكان بڵاونەكراوەتەوە كە بوترێ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران كاری نایاسایی و بە قاچاخ بردن و هێنانی كاڵا ئەنجامدراوە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە دەروازەكەمان تەواو كۆنتڕۆڵكراوە”.
جێی باسە ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی (حەمید ئەلنایف) بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو، كە لەوەتەی مستەفا كازمی سەرەك وەزیرانی عێراق سەردانی دەروازە سنووریەكانی عێراق كردووە و چاودێری ووردیان دەكات، بەهیچ شێوەیەك كاری نایاسایی و قاچاخكردنی لێ ئەنجام نادرێت، بەڵكو ئەوەی دەكرێت لە دەروازە سنووریەكانی هەرێمی كوردستانە.