(نوچەنێت) سەنگەر ئاکرەیی
وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم، بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی کوردستان چەند بریارێکی دەرکردو لەناو ئەو بڕیارانەشدا وەگەڕخستنەوەی دوو كارگەی دروستكردنی دۆشاوی تەماتەن لەهەرێمی كوردستان.
دوێنێ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەم، لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ هەردوو کارگەی هەریر و شارەزوور، وەزیری کشتوکاڵ وتی “لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ هەردوو كارگەكە واژۆ دەكەین و گرێبەستەكەش دوای ئامادەكردن بڵاودەكەینەوە بۆ ئەوەی جوتیاران بەرچاویان روون بێت لەئەنجامدانی گرێبەست و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان.”
لەمبارەیەوە حسین حەمەکەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لیدوانەکدا بۆ (نوچەنێت) رایگەیاند “ئەمسال کارگەی دروستكردنی دۆشاوی تەماتە لە شارەزوور دەکرێتەوە و ساڵی داهاتووش کارگەکەی هەریر دەستبەکار دەبێت.” گووتیشی ” تا ئێستا دیارنییە کە ساڵانە چەند تەن تەماتە وەردەگیرێ”
سەبارەت بە ئەگەری کورتهێنانی تەماتەی خۆماڵی بۆ ئەم كارگانە، ناوبراو گوتی “ئەگەر هاتوو کورتهێنانمان هاتە پێش، بە دلنیاییەوە لە دەرەوە هاوردە دەکەین.”
سەبارەت بە وەرگرتنی باج لەو كارگانە حسین حەمەکەریم گوتی “لە رێگای ئەو یاسا و رێنماییانەی کە پشتگیریان دەکەن، ئێمەش وەکو وەزارەتی کشتوکال پشتگیری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین.”