وەزارەتی ناوخۆ شێوازی پێبژاردنی هەندێك سزا بڵاودەکاتەوە

0

نوچەنێت

لە راگەیانراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان شێوازی پێبژاردنی هەندێ سزای بۆ خەڵك بڵاوكردەوە بەمەبەستی خۆپاراستن لە تووشبوون بە فایرۆسی كۆڕۆنا،

بەپێی ئەو راگەیانراوەكە (شایی و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە و نەبەستنی ماسک لە شوێنە گشتییەکان..) جۆری ئەو سزایانەن كە وەزارەتی ناوبراو دیاریكردوون و دەشڵێ ” ئەوانەی ئەم سزایانە دەیانگرێتەوە بە پسوولە لێیان وەردەگیرێت و لە 50٪ی داهاتی پێبژاردنەکەش بۆ ئەو کەسەیە کە کاری پێبژاردنەکە دەکات”.

راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی رێکارە نوێکان دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە رۆژی 24-10-2020 بڵاوکرایەوە و لە 18 خاڵ پێکهاتبوو. لە راگەیێندراوێکیشدا کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، شێوازی پێبژاردنەکان روونکراوەتەوە و تێیدا هاتووە:

 یەکەم: ئەو لایەنانەی کە لە بڕگەی شانزەیەم / یەکەمی بەیانی 52 ئاماژەی پێدراوە بە پسوولەی 38/ا پارەکە وەردەگیرێت.

دووەم: وێنەی یەکەم لە پسوولە دەدرێت بە کەسی سەرپێچیکار.

سێیەم: ئەم بڕە پارانە کە وەردەگیرێت لە ژمێریاری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەک ئەمانەت هەڵدەگیرێت.

چوارەم: مانگانە لیستێک بەناوی ئەو کەسانەی کە کاری پێبژاردنەکان دەکەن رەوانەی وەزارەت دەکرێت بە مەبەستی خەرجکردنی هاندان بۆیان بە رێژەی 50٪ لە داهاتی پێبژاردن.

پێنجەم: 50٪ی داهاتی پێبژاردنەکان خەرجدەکرێت بۆ کڕینی پێداویستی خۆپارستن بەپێی ئەو لیستەی کە لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەنێردرێت بۆ وەزارەت.

رۆژی 24-10-2020 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە چەند سزایەک کرد لە پێناو پابەندبوونی هاونیشتمانییان و ئاماژەی بەوە دابوو، “پێویستە لەسەرجەم فەرمانگەکان رەچاوی رێکاری نوێ بکرێت و ماسک بەکاربهێندرێت، هەر فەرمانبەر یان کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یان پێشمەرگە یان ئاسایش پابەندنەبێت سزای دارایی دەدرێت. “

 سەبارەت بە شاییکردن و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە، وەزارەتی ناوخۆی ئاماژەی بەوە دا، کە قەدەخەکردنی داوەت و شایی و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە بەردەوام دەبێت و بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن و هەر کەسێک پابەندنەبێت بڕی 2 ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەکرێت.

سەبارەت بە بەستنی ماسک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر کەسێک ماسک نەبەستێت بەپێی رێکارەکانی ئەم بەیانە بە بڕی 20 هەزار دینار سزادەدرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com