ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپیشاندانی (شۆرشی تشرین) بەڕێوەدەچێت

0

شلێرسەعید،تایبەت بە (نوچەنێت)

ئەمڕۆ سەرلەنوێ خۆپیشاندانەكانی بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریر دەستپێكردەوە و بە گوتەی خۆپیشاندەرانیش ئەمڕۆ لە یادی تێپەڕبونی یەكساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكان تێدەپەڕێت و بۆیەش ناوی “شۆرٍشی تشرین “ی لێنراوە.

بەپێی ئەو دیمەنانەی كە ئێستا لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دەبینرێن، خۆپیشاندەران بە دروشمی جۆراوجۆر و بەرزكردنەوەی وێنەی شەهیدەكانیان  لە گۆڕەپانەكەدان.

سەیف عەلی چالاكوان لە گۆڕەپانی تەحریر بە (نوچەنێت)ی ڕاگەیاند: مستەفا كازمی هیچی بۆ خۆپیشاندەران نەكردووە و ئەو وتارەشی كە لە یادی تێپەربوونی ساڵێك خۆپیشاندانەكان پێشكەش كرد، تەنها لە ئینشا دەچوو ، و ترسناكترین دۆسیەی شاردەوە كە پەیوەندی بە داهاتوی وڵاتەوە هەیە ئەویش چاكسازیە”.

ناوبراو گووتیشی “مستەفا كازمی دەڵێت چاكسازی ئابوری دەكەم لەهەمان كاتدا دەیەوێت 41 ترلیۆن دینار قەرزبكات ، بۆیە نازانم باس لە چ چاكسازیەك دەكات  و دەیەوێ بە عەقڵی كێ پێبكەنێت؟”.

لایخۆشییەوە فازل فەتلاوی پەرلەمانتاری  هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە(نوچەنێت)ی راگەیاند “خۆپیشاندان و مانگرتن مافی هەر هاوڵاتیەكە كە داوای مافی خۆی بكات ئەوانیش داوای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن ئەوەش مافی خۆیانە و ئێمەش بەهەمو توانامان  لەگەڵیانین و هاوڕاین لەگەڵیان”.

فەتلاوی گوتیشی “داواكاری هاوڵاتیان ڕەوایە و پێویستە حكومەت داواكاریەكانیان جێبەجێبكات”. دەشڵێت  “پێویستە لەسەر حكومەت و پەرلەمانی عێراق هەوڵی تەواو بدەن بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران، هەرچەندە بەشێكی پەیوەستە بە باری ئابوری حكومەتیش باری ئابوری لەوپەڕی خراپیدایە”.

دەربارەی ئەوەی كە بۆچی تا ئێستا ئەوانەی خۆپیشاندەرانیان كوشت و رفاندویانن نەدراونەتە دادگا كە ئەوە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندارانە؟ فەتلاوی لە وەڵامدا دەڵێت “هاوڵاتیان سكاڵایان پێشكەشكردووەو داوای قەزائی هەیە بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەری، چونكە كوشتن و رفاندنی هاوڵاتی هیچ ڕەوانیە و دەبێت حكومەت هەوڵی جدی بدات چونكە ئەوە بابەتێكی هەستیارەو نابێت لەمبارەوە هیچ فشارێكی سیاسی هەبێت بۆ سەر حكومەت، چونكە لایەن هەن فشاردەخەنە سەر حكومەت بۆ داپۆشینی ئەو دۆسیانە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com