فراکسیۆنی پارتی پێشنیازە یاسای “هێما نیشتیمانییەکان” پێشکەش بە پەرلەمان دەكات

0

سەنگەر ئاکرەیی (نوچەنێت)

ئەمرۆ 22ـی تشرینی دووەم، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازە یاسایەکی حه‌وت مادەیی سەبارەت بە سزای بێڕێزيی بە سیمبۆلەکانی کوردستان، دەداتە پەرلەمان.

پێشنیازە یاسایەکە دەڵێت، “بەپێی مادەی 226ـی یاسای سزادان لە دەستووری عێراق، هەرکەسێک بێڕێزيی بە پیرۆزییەکان و هێماکانی کورد بکات بە حه‌وت ساڵ بەندکردن سزادەدرێت”.

لەمبارەیەوە لیزا کاکەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە (نوچە نێت)ی راگەیاند، “ئەمە پێشنیازە یاسایيە و ئەگەرى هەیە کە هەم لە لایەن لیژنەکان و هەم دانیشتنی پەرلەمان گۆاڕانکاریی تێدا بکرێت.”

هەروەها ناوبراو وتیشی “ئێمە ئەو پێشنیارە یاسایيەمان پێشکەشی پەرلەمان کردووە و لە دانیشتنی دووه‌مدا دەخرێتە بەرنامەی کارەوە، دواتر ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەکانی وەک لیژنەی یاسایی و رۆشنبیريی دەکرێت و ئەوانیش کاری لەسەر دەکەن دەتوانن پێشنیازە یاساکە دەولەمەندتر بدەن. دواتر دیسانەوە لیژنەی یاسایی کار لەسەر پێشنیازی ئەندامان بۆ پرۆژەکە دەکات و خوێندنەوە سێهەمی بۆ دەکرێت و  دەنگی لەسەر دەدرێت.”

سەبارەت بە هاودەنگی فراکسیۆن و لایەنەکان بۆ ئەم پێشنیارە یاسایە، لیزا کاکەیی، دەلێ “پێویستە هەموو لایەنەک هاودەنگ بێت، چونکە ئەم پرۆژەیە باسی لایەنگری ئەنجامدەرانی شۆرش دەکات و تەنانەت پێویستە لایەنەکانی تریش پاڵپشتی بکەن. بە بڕوای من هیچ پەرلەمانتارێک بۆی نییە بەر لەوەی پێشنیازە یاسایەکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، قسەی لەسەر بکات و ئیشی پەرلەمانتار نییە قسە لەسەر پێشنیازە یاسا بکات بەر لە خوێندنەوەی لە پەرلەمان.”

پێشتر لوقمان وەردی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان ووتبووی ” پرۆژە یاسای هێما نیشتمانی و نەتەوەییەكانیان کە لە لایەن کۆمەڵێک پەرلەمانتاری پارتییەوە پێشکەشکراوە لەم هەلومەرجەدا پێویست نییە و نابێت بكرێتە سەرەتایەك بۆ كۆت و بەندكردنی ئازادی رادەربڕین و بەئاڕاستەی بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین.”

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com