سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، كار لەسەر هەرزانكردنی نرخی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان دەکەن، و ئاماژەی بەوەش كردووە كە بۆ ئەم مەبەستە كارلەسەر 42 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەكەن.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “دەمانەوێت نرخی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵک هەرزان بکەین، لەبەر ئەوەشە وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دەکەین”، دەشڵێت “بە بودجەی ٣٣٢ ملیۆن دۆلار ٤٢ پرۆژەی نیشتەجێبوون و بیناسازییان خستووەتەگەڕ،ئەمە وادەکات شوێنەکانی نیشتەجێبوون نرخیان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گونجاوبێت و ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین.”
چەند رۆژێك پێش ئێستاش، مەسروور بارزانی هەر لە تویتەری تایبەتی خۆیدا ئەوەی بڵاوکرد بووەوە، كە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات بۆ داهاتوو بەڕووی وزەی پاکتر و هەرزانتر، ئەوەش دەکرێت ببێتە سێکتەرێکی گەورە لە گەشەسەندنی ئابوریی هەرێمی کوردستان.