سەنگەر ئاکرەیی – نوچەنێت
فازڵ حاجی گوتهبێژى بهڕێوهبهرى پۆلیسى هاتوچۆى ههولێر، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فهیسبووك، ئاماژە بە دووبارە دەسپێکردنەوەى بەو پرۆژەیە دەکات کە بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی تاکسی لە هەرێم پێشنیار کرابوو و چەند قۆناغێکییش بهڕێوهچوو بوو.
لە لێدوانەک دا بۆ (نوچەنێت) ، فازڵ حاجی سەبارەت بەم بڕیارەی دوێنێی دەڵێت: “ماوەیەکی زۆر لەبەر کەرەنتینەی کۆرۆنا و بایۆمەتری راوەستابوو، هەتا ئێستا لە کۆی ٣٧ ههزارتەکسی کە پرۆژەکە دەیانگرێتەوە، لە نێوان چوار ههزار هەتا پێنج ههزار تاکسی کارەکانیان کردووە.”
سەبارەت بە ئەو کۆمپانیا تایبەتانەی تاکسی كە كاری گواستنەوەی ناوشار ئەنجام دەدەن، ناوبراو گوتی: ” لەو حالەتە کە کۆمپانیایەک چەند تاکسیەکی هەیە، خاوەنی کۆمپانیا کە تاکسیەکانی بەناوە بایۆمەتری بۆ دەکرێ بۆ ئەوەی کە فەرمانبەر نەبێ، هەروەها شۆفێری تەکسییەکانیش بایۆمەتری بۆ دەکرێ کە نابێ فەرمانبەر بێت، دوایی لۆگۆی پێدەدرێت و کارەکانی دەکرێ.”
سەبارەت بە دوا كاتی ئەو پرۆژەیە، گوتهبێژى بهڕێوهبهرى پۆلیسى هاتوچۆى ههولێر گوتیشی: دوا كاتمان دیار نەکردووە، چونکە لە دەسپێک کە شهش مانگمان بۆی دانا، پێنج مانگ بوو بە کەرەنتینە، دوو مانگی تر درێژکرایەوە و هەر پێرانەگەیشتین بۆیە کۆتایی بۆ دیاری نەکراوە.”
لە وەلامی پرسیارێکی (نوچەنێت) سەبارەت بە تەکسییە کۆنەکان کە لە ناو شاردا کار دەکەن، بەرێوبەری هاتوچۆی هەولێر گوتی: “حکومەت هیچ خاوەن تەکسییەکی ناچار نەکردووە کە تەکسییەکەی بگۆرێت، بەلام هەر تەکسییەک لە PVI دەرچێ، پرۆژەکە دەیگرێتەوە.”