نوچەنێت. فەرهاد
بەپێی زانیارییەكان لەماوەی رابردوودا لەلایەن كۆمپانیایەك لەهەرێمی كوردستان، بڕی (شهش ملیار یۆرۆ) نێردراوەتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنهی دهستپاكی لهپهرلهمانی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و بەپێی زانیارییە فەرمییەكانیش تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو پارەیە نیە و تەنها زانیارییە.
لە لێدوانێكدا بۆ (نوچەنێت) سعید مستەفا تهتهرخان رشید، جێگری سهرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمان، ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەو بابەتە تائێستا هەر زانیارییەو هیچ بەڵگەیەك لەسەر ناردنە دەرەوەی ئەو بڕە پارەیە نیە.
ئاماژەی بەوەشكرد “ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و سەردانی ئەو كۆمپانیایەشمان كردووە كە گوایە ئەو بڕە پارەیەی ناردۆتە دەرەوەی هەرێم، بەڵام تا ئێستا بەڵگەی تەواومان دەست نەكەوتووە”. ئەوەشی دووپات كردەوە تا بەڵگەی تەواومان لەبەر دەست نەبێ ناتوانین وەك پێویست بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بكەین”.
وتیشی ” دوێنێ بانگێشتی پەرلەمانتار كاروان گەزنەییمان بۆ لیژنەی دەستپاكی كردووە ، چونكە ناوبراو ئەو بابەتەی وەك زانیاری بڵاوكردۆتەوەو داوامان لێكرد كە بەڵگەی تەواو بۆ ناردنە دەرەوەی ئەم بڕە یارەیە بخاتە ڕوو، بۆیە داوامان لێكرد كە راپۆرتێكی تایبەت لەسەر بابەتە بداتە لیژنەكەمان”
لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر روونبووەوە ئەو بڕەپارەیە ناردراوەتە دەرەوەی هەرێم، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی ووتی” ئەگەر بەبەڵگە ئەو بابەتە روونبووەوەو ئەوا ئێمە وەك لیژنە لەگەڵ دەستەی دەستپاكی و دادگا رێكاری یاسایی دەیگرینە بەر “
بەپێی هەواڵێكیش كە لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، هاتووە “لەدرێژەی بەدواداچوونەکان بۆ پرسی ناردنهدهرهوهی بڕی شهش ملیار یۆرۆ بۆ دهرهوهی ههرێمی كوردستان لهلایهن گرووپی كۆمپانیاكانی ئابووری لاند، بەپێی مادەی ٣٢ لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی دەستپاكی گفتوگۆیەکی کراوەی لەگەڵ كاروان گهزنهیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان كه ئهو دۆسییهی جووڵاندووه ئهنجامداو لهلایهن لیژنهكهوه داوای لێکرا کە بەڕاپورتێکی تایبەت بەڵگەو زانیارییەکان ئاراستەی لیژنەكه بکات بەمەبەستی بەدواداچوونی زیاتر”.
پاشان د.سەڵاَحەدین ڕاوێژکاری پەرلەمان و پسپۆڕی بواری دارایی كهئامادەی کۆبوونەوەکەی لیژنەی دەستپاكی پەرەلمان بوو ، ههندێ زانیاریی لەسەر دۆسیییهكه بۆ ئهندامانی لیژنهكه خستهڕوو و لهلایهن خۆیانهوه لیژنە بڕیاریدا لهبەدواداچوون لەسەر ئەو پرسه بەردەوام بێت تادەگاتە ئەنجام.