ئەسعەد مورادی: تایبەت بە نوچەنێت
سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران، لە نیوە شەوی ١٨-ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٠ و پاش ١٣ ساڵ کۆتايی هات و بەمەيش ئەم وڵاتە دەتوانێت لە وڵاتان چەک بە شێوەیەکی یاسايی بکڕێت یان بفرۆشێت بەڵام وهزیری دهرهوهی ئهمریكا دووپاتیكردهوه، قهدهغهی مامهڵهكردن به چهك لهگهڵ ئێران بهردهوامه و كۆتایی نههاتووه.
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە رووی تیۆرییەوە، ئێران دەتوانێت چەکی کلاسیکی وەک تانک و فڕۆکەی جەنگی و سيستەمی مووشەکی بکڕێت، بەڵام سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە رێخۆشکەر نین لە ئێستادا بتوانێت کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات.
رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا باس لەوەدەكات، هەریەک لە چین و رووسیا سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی لە ئێران و هەنگاوەکانی دەکەن، بەڵام فرۆشتنی چەک بەو وڵاتە رادەگرن.
لەلایەکی ترەوە شارەزایانی بواری سیاسی و سەربازی لەوبڕوایەدان لە داهاتوودا ئێران بەشێک لە سوپاکەی نوێ دەکاتەوە، وەک کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس٤٠٠-ی رووسی.
باڵیۆزی رووسیا لە ئێران رایگەیاندووە، فرۆشتنی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ بە ئێران بابەتێکە شایەنی رێککەوتنە، بەمەرجێک ئێران بتوانێت پارەی ئەم سیستەمە مووشەکییە دابین بکات.
ئێران تەنيا چین و رووسیای بەدەستەوەیە چەکی لێبکڕێت و پێشتریش مایک پؤمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە دیاریکراوی ناوی ئەم دوو وڵاتەی برد، کە رەنگە چەک بە ئێران بفرۆشن.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٠١٩ دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە ئێران لە داهاتوودا پشت بە کڕینی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو دەبەستێت. گوتی، کە لە کاتی تەواوبوونی یاسای قەدەغەکردنی چەک مەترسی ئێران دەگاتە ئەوروپا، چونکە دەتوانێت فڕۆکەی جەنگی نوێی پێشکەوتوو و موشەکی دوورمەودا بکرێت.
چەندین جار پۆمپیۆ جەختی کردووەتەوە، کە ئێران یاسای قەدەغەکردنی چەکی نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە و چەکی رەوانەی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە کردووە بەتایبەتی حووسییەکانی یەمەن.
شاهۆ حوسێنی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە دۆخی سیاسی ئێران، تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی بەشیوەی فەرمی گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەک لەسەر ئێران هەڵدەگیریێت، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئێران مەجالی دەستڕاگەیشتن بە چەک و تەقەمەنی زۆر نابێت.
حوسێنی گوتی، دیارە ئێران ئێستاکەش هەر خەریکی ناردن و یارمەتی چەک و تەقەمەنییە بە رێکخراوەکانی دەستکردی خۆی، کە خەریکی شەڕی بەوەکالەتن لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن، لەمەوبەدوا رەنگە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حووسییەکانی یەمەن بەشێوەیەکی ئاشکرا بێت، بە تایبەتی کە ئێران پاش پێنج ساڵ باڵیوزێکی نوێی ناردەوە یەمەن، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دایە و ئەمەش بە مانای بەفەرمی ناسینی دەسەڵاتی حووسییەکانە بەسەر یەمەندا لەلایەن ئێرانەوە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێیوایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیران باوکی مادی و مەعنەوەی چەند ميليشايەكى توندڕەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست؛ هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەک و تەقەمەنی، دەتوانێ بە مانای بڵاوبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکە و کردەوەی تێرۆریستی، هەژمونی تێرۆریستی دەوڵەتی ئێران و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکە بێت.
لەچەند مانگی رابردوودا ئەمریکا هەوڵیدا لەسەر ئاستی جیهانی و لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە کۆدەنگییەک بەدەست بهێنێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارپێکردنی یاساکە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی چین و رووسیا هەوڵەکەی شکستیهێنا.
محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کوردستانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، هەر چەند کاربەدەستانی رژێمی ئێران کۆتایی هاتنی قۆناخی قەدەغەکردنی چەك فروشتن بە وڵاتەکەیان بە سەرکەوتنێکی گەورە دەزانن، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو قەیرانانەی کە لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نیودەولەتیدا رووبەرووی رژێمی ئێران بوونەتەوە و لە زەوی، ئاسمان و دەریاوە، لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆ دراوە، بۆ رێژیمی ئێران زۆر ئەستەمە کە بتوانێ بەو زووانە ئەو کۆسپە ئابووریی، سیاسیی و یاساییانە، لابدا و متمانەی لایەنی بەرانبەر بۆ مامەڵەی کڕینی چەک و چۆڵ دەستەبەر بکات.
محەد ساڵح قادری ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشی زۆری وڵاتانی عەرەبی کە دژی بەهێزبوونی رێژیمی ئێرانن، دەزانن تەیاربوونی رژێمی ئێران بە فرۆکە و چەکی پێشکەوتوو چەندە مەترسی بۆ سەر لایەنی ئەمنی و ئاشتەوایی و سەقامگیری ناوچە و هاوکێشەکانی هەیە و بەتایبەت بۆ رژێمێک کە بە هەموو رێگایەک هەوڵ دەدا جۆرەها چەک بخاتە بەردەستی ئەو گرۆپە لۆکاڵیانەی سەر بە خۆی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا، لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پەنا بۆ هەر کردەوەیەکی ترۆریستی دەبەن.
لەبارەی یاسایی بوونی فرۆشتنی چەک بە ئێڕان لە لایەن رووسیا و چین نوێنەرەکەی حدکا لەو بڕوایەدایە، کە سەرەرای ویستی هێندێک وڵاتی وەک رووسیا و چێن، یان وڵاتانی دیکە بۆ فرۆشتنی چەک بە ئێران، بەڵام وێناچێ کە ئەوانیش رازی بن کە بەرژەوەندی ئابووری و پەیوەندی دیپلۆماسی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بخەنە مەترسییەوە.
محهمهد جهواد زهریف، وهزیری دهرهوهی ئێران رایگهیاند، گهمارۆی كڕین و فرۆشتنی چهك لهسهر ئێران ههڵگیراوه و بهویستی خۆمان ههر وڵاتێكمان بوێت دهتوانین چهكی پێ بفرۆشن یاخود چهكی لێبكڕن.
هەر دوێنێ وهزیری دهرهوهی ئهمریكا له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تویتهر دووپاتی كردهوه، کە قهدهغهی مامهڵهكردن به چهك لهگهڵ ئێران بهردهوامه و كۆتایی نههاتووه. گوتیشی، ئهو چهكانهی به ئێران دهفرۆشرێن، دهكهونه ژێر كۆنترۆڵی ئایدۆلۆژیایهكی توندڕهو.
پۆمپیۆ ههڕهشهی ئهوهشی كرد، ئهمریكا ئامادهكاری دهكات، بۆ ئهوهی سزا بهسهر ههر وڵاتێك له رۆژههڵاتی ناوهڕاستدا بسهپێنێت، كه بیهوێت بازرگانیكردنی كڕین و فرۆشتنی چهك لهگهڵ ئێران بكات.
عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی سەرکرادایەتی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان )رۆژهەڵات( پێیوایە، ئەوەی ئاشکرایە ھەڵگیرانی گەمارۆی کڕین و فرۆشی چەک لەسەر کۆماری ئیسلامی رێگە بۆ وڵاتی ھاوپەیمانی ئێران، بەتایبەتی روسیا و چین خۆش دەکات تا لەم بوارە پڕ داهات و قازانجەدا لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەن، سەرەڕای ھەڕەشەکانی ئەمریکا.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵە پێیوایە، ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی ئاژاوە و کێشەیە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ھەڵگرتنی قەدەغەی کڕین و فرۆشتنی چەک لەسەر ئێران بەو جۆرە نییە، کە بەرپرسانی ئەم رژێمە شایی و لۆغانی بۆ دەکەن و بەو پێگە روو لە لاوازییەی ئێران لە ناوچەکەدا. هەروەها ناتوانێت ئاسایشی ناوچەکەش بخاتە مەترسییەوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە ١٩-ی مانگ، لە بابەتێکی پەیوەندیدار لەگەڵ کۆتایی هاتنی گەمارۆی فرۆشتنی چەک بە ئێران، گروپێک پێکهاتوو لە وەزیرەکان، نوێنەران و نوسەرانی فڕەنسەیی لە بەیانێکی هابەشدا کە لە رۆژنامەی لۆمۆندی فڕەنسەدا بلاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی هۆشداری دەدەن لە هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران، فرۆشتنی چەک بەم وڵاتە بە هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە ناوبردووە.