شلێرسەعید، (نوچە نێت)
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 19ی تشرینی یەكەمی 2020 پڕۆژەی نەخۆشخانەی گەڕۆك بۆ قوتابخانەكانی هەولێر كرایەوە ، و ئامانج لەم نەخۆشخانەیەش چارەسەری نەخۆشیەكانی چاو و ددان و پێستە لە قوتابخانەكاندا.
لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی ئەو پرۆژەیەدا دكتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند “ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی چاوو وپێست ددانە و تا کۆتایی پرۆسەی پەروەردە بەردەوام دەبێت و سەرجەم قوتابخانەکانیش دەگرێتەوە. “.
د. دلۆڤان گوتیشی “هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان گیراوەتە بەر و ئاگاداری بەڕێوەبەرەکانیش کراوەتەوە لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نامۆدا بە زووترین کات پەیوەندیمان پێوە بکەن”.
شایەنی باسە پڕۆژەكە دەزگای خێرخوازیی رۆناهی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر و پەروەردە، پرۆژەكە جێبەجێدەكات، ئامانجیان لەو پرۆژە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی چاو و ددان و پێستە، رۆژانە ئەو تیمانە سەردانی دوو قوتابخانە دەکەن، واتە مانگانە هەشت قوتابخانە بەسەر دەکەنەوە.
وەك لەو پڕۆژەیە راگەینرا لە ماوەی ساڵێکی خوێندندا تیمەكان نزیکەی 150 قوتابخانە لە هەولێر بەسەر دەکەنەوەو هەر قوتابخانەیەكیش بۆی دەچن، بە ماددەی پاککەرەوە دەرمان پڕژێنیان دەکەن.