بڕیارە بەم زووانە لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و یاداشتێك ئاڕاستەی هەندێ لایەنی پەیوەنداری عێراقی بكات، لەبارەی ئیمتیازات و مافی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (نوچەنێت) سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی ناوبراو لە پەرلەمانی كوردستان ئەو سەردانەی لیژنەكەیان بۆ بەغدا پشتڕاست كردەوە و ئەوەشی ئاشكرا كرد ، كە لەو سەردانەیاندا بۆ بەغدا هەندێ لایەنی پەیوەنداری وەك ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، لیژنەی شەهیدانی ئهنجوومهنی نوێنهران، جێگری سەرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهران، دەزگای شەهیدان، و دەزگای زیندانیانی سیاسی،وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەسەر دەكەنەوە و یاداشتێكی تایبەتیان پێشكەش دەكەن..
ناوبراو ووتیشی ” ناوەڕۆكی یاداشتەكەمان بریتییە لە خستنەڕووی هەندێ كێشەو گرفت لەبارەی ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان و جەختكردنەوە لەسەر هاوتاكردنی ئەو ماف ئیمتیازاتانە وەك ئەوەی لە تەواوی عێراقدا هەیە”.
ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوان هەمیشە داكۆكی لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێم لەلایەن حكومەتی بەغداوە دەكەن، بەوپێیەی ئەو حكوومەتە میراتگری حكومەتەكانی پێش خۆیەتی..
جێی باسە لیژنەی ناوبراو جگە لەو سەردانەیان بۆ بەغدا ، لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا بەمەبەستی بەدواداچوونی كێشەو گرفتەكان و چارەسەركردنیان چەند سەردانێكی مهیدانیی بۆ بەرێوهبەرایەتییه گشتییهكانی شەهیدان لەپارێزگاكانی هەرێم ئەنجام دەكەن.