نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسه‌ر: حكوومه‌تى سووریا بڕیاربه‌ده‌ست نییه‌ بۆیه‌ گفتوگۆ راوەستاوە

0

ئه‌سعه‌د مورادى، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

نورشان حوسێن، وەزیری پێشووی ئیدارەی هەرێمی عەفرین و نوێنەری ئێستای بەڕێوەبەری خۆسه‌رى رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە نوچەنێت، باردۆخی سیاسی و کێشە و مەترسییەکانی رۆژئاوا و ناوچە داگیرکراوەکانی دەخاتەڕوو.

نوچەنێت: ئایا ئەمریکا هەوڵ دەدات لە سووریا بۆ کوردەکان ئیدارەیەک هاوشێوەی دەوڵەت درووست بکات وەک ئەوەی سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، نیگه‌رانى خۆى له‌به‌رامبه‌ر ده‌ڕبڕیوه‌؟

نورشان حوسێن: لێدوانی وەزیری دەرەوەی رووسیا چارەسەریی پرسی سووریا و کورد و ئەو پێکهاتانەی لەگەڵ کوردن ناکات و رووسیا لە گەڵ تورکیا رێککەوتنیان هەیە.
حکوومەتی سوریاش بە گوێرەی بەرژەوەندی رووسیا هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات. لەبەر ئەوە ئێمەش دوای لاڤرۆڤ راگەیەندراومان دەرکرد و تورکیاش جارێکی دیکەش هەڕەشەی له‌ رۆژئاوای کوردستان کرد، ئەگەری هەیە تورکیا و رووسیا كارێكى تر به‌ یه‌كه‌وه‌ بكه‌ن، بۆیە مەترسی هەیە.

نوچەنێت: پێتانوایە ئەمریکا ئێوە لە هەڕەشەی و مەترسی نوێ دەپارێزێت؟

نورشان حوسێن: ئەمریکا پشتیووانی دەکات، بەڵام رێک ساڵێک پێش ئێستا هێزەکانی کشاندەوە و دواتر وەک هەڵەیەکی گەورە دانرا و ئەمریکاش دانی بە هەڵەکەی خۆیدا نا، لەسەر بنەمای کشانەوەی ئەمریکا، لە ناوخۆی ئەمریکا ناکۆکی دروست بوو.

لە سەرێکانی هەموو پێکهاتەکان بە ئاشتی و بەبێ کێشە پێکەوە دەژیان و هیچ مەترسییەکیشیان بۆ سەر تورکیا دروست نەکردبوو، بەڵام تورکیا بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هێرشی دەستپێکرد.هەروەها بەم دواییانە ئەمریکا رایگەیاند بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ رێگە بە تورکیا نادەن. ئێمە پاراستنی خۆمان ناسپێرن بە هێزی دەرەکی، بەڵکو پاراستنی خۆمان لەدەستی خۆماندایە.

نوچەنێت: چ هەوڵێکتان داوە بۆ ئەوەی تورکیا بکشێتەوە لەو ناوچانەی داگیری کردووە؟

نورشان حوسێن: لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی، زۆر هەوڵدان هەیە لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا، رژێمی سووریا و هەر لایەنێک، کە ئێمە بتوانین بەرژەوەندی گەلی خۆمان بپارێزین و نەهێڵین تورکیا جارێکی دیکە هێرش بکات.

هەندێک پشتگری هەیە و هەروەها لەو بارەیەوە پێشکەوتن هەیە. ئەوەی تورکیا داوای دەکات لە ژیانی دا ناتوانێت لە رۆژئاوادا بیکات.
لە ئێستا تورکیا لە لاوازیدایە، چونکە بەرەی شەڕی زۆری لەسەر خۆی کردۆتەوە لە لیبیا، سوریا، دەریای سپی ناوەڕاست و ئازەربایجان. بۆیە بە ئاسانی ناتوانێت بە ئامانجەکانی بەتەواوی بگات.

نوچەنێت: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی سووریا لە چ ئاستێک دایە؟

نورشان حوسێن: رژێمی سووریا زۆرجار داوای کردووە لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکەن، بەڵام بەداخەوە رژێمی سووریا بڕیاری بەدەست خۆی نییە و ئیرادەی خۆی رادەستی رووسیا و وڵاتانی هەرێمی کردووە، بۆیە فکری شۆڤینی هیچ کات قبووڵی ناکات کورد خاوەن ئیرادەی خۆی بێ و لە سووریا پێکهاتەی دیکە هەبێ.

لە ئێستاشدا گفتوگۆ لە نێوان رژێم و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری وەستاوە و هیچ شتێک لە ئارادا نییە، بەڵام هەوڵدانی ئێمە بەردەوامە بۆ ئەوەی دیالۆگ جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە.

نوچەنێت: پەیوه‌ندی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟

نورشان حوسێن: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستێکی باڵا و کوردایەتی و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەی کورد، دەکرا باشتر بووایە، هەوڵدانی رۆژئاوا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان زۆرە.

نوچەنێت: ئاستی پەیوەندییەکانی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟

نورشان حوسێن: هەوڵی دیالۆگی پارتە کوردییەکان، وەک پارتەکانی پەیەنەکە و پارتی ئەنەکەسە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووزە، بۆ یەکێتی و یەکڕیزی ماڵی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، کە بە دەستپێشخەری هەسەدە و نوێنەری ئەمریکا، هەنگاوی باش و ئەرێنی نراوە.

وەک قۆناغی یەکەم هەڵوێستی سیاسی لە نێوان پارتەکانی پەیەنەکە و ئەنەکەسە، دروست بووە و دواتریش راگەیێندرا. ئەمەش لەسەر بنەما و پەرەنسیپی رێککەوتنی دهۆک ئەنجامدرا.
قۆناغی دووەم دیالۆگێکی زۆر گرنگ دەستیپێکردووە ئەم دیالۆگەش وەک بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، سەرەڕای ئەوەی هێواش و لەسەر خۆیە، بەڵام بەرز دەینرخێنین. ئەوە دۆخە و دۆزی ئێمەی کورد، پێویستە لایەنە سیاسییەکان جددی تر بن لە دیالۆگ و هەنگاوی بەهێز بنێن.

هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری تەنیا کوردی لێ نییە، بەڵکو عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی رۆژئاوای تێدایە و هەڵوێستی ئەوانیش لەو بارەیەوە ئەرێنییە. هیوادارین ئەو هەنگاوانە بە زووترین کات سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

نوچەنێت: لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان چ هاوکارییەکی پێشکەش رۆژئاوا کرد؟

نورشان حوسێن: لە راستیدا لە بارودۆخی کۆرۆنا رۆژئاوای کوردستان بە تەنیا کەوت، چونکە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی لە زۆر رووەوە دۆخی باشترە، دەیتوانی زیاتر هاوکاری رۆژئاوا بکات.
رۆژئاوای کوردستان بە پشتبەستن بە خۆی و تواناکای خۆی بەرەنگاری کۆرۆنا بووەتەوە.

نوچەنێت: لە ئێستادا دۆخی خەڵک و ئاوارەی ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی چۆنە؟ ئێستا لەو ناوچانە چی روودەات؟

نوشان حوسێن: دوای داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، لە لایەن تورکیا و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی، بەتایبەت لە عەفرین کوشتن، رفاندن، دزی، چەتەیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێت.
لە کۆی گشتی خەڵکی عەفرین کەمتر لە١٠% لەوێ دەژین و هەمووی ئاوارەی هەرێمی شەهبا بوون و لە کەمپەکان نیشتەجێن و خودی هەرێمی شەهبانیش لە گەمارۆدایە هیچ رێکخراوێک لەو کەمپانە نیین تاکو هاوکاری ئەو ئاوارانە بکەن.تاکو ئێستا یۆ ئێن سەردانی ئەو ئاوارانەی عەفرینی لە کەمپی شەهبا نەکردووە.
هەروەها پێشتریش رامانگەیاندووە، کە لە گرێسپی گۆڕینی دیمۆگرافی هەیە. لەم ناوچەیە پێکهاتەی کورد، عەرەب، ئاشووری و ئەرمەنی پێکەوە دەژیان بەبێ کێشە، بەڵام ئێستا کرداری تاڵانکردن و نیشتەجێکردنی عەرەبی چەتە و توندڕەوی ئیسلامییە و هەر کەسێکیش بیەوێ بگەڕێتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆی هەڕەشەی لێدەکەن و مەترسی بۆ دروست دەکەن بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە.

هەروەها لە کەمپی واشوقانی هەرێمی جزیرێ ئاوارەکانی سەرێکانی نیشتەجێ بوون.
هەروەک هاووڵاتیانی گرێسپی ئەو عەرەبانەی پێکەوەژیانی قبووڵ بووە رێگری لێدەکرێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەو ناوچەنانەی تورکیا داگیری کردوون لە رۆژئاوا، پارەی ئەو وڵاتەش مامەڵەی پێوە دەکرێت و لەگەڵ ئەوەش خوێندن لە خوێندنگەکان بە زمانی تورکییە، کە ئەمەش کردارێکی دژە مرۆڤانەیە.

نوچەنێت: هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر دۆخی ئەو ناوچە داگیرکراوانە چییە؟

نوشان حوسێن: نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر راپۆرتێکی ئامادەکرد بوو، کە کرداری دەوڵەتی تورکی خستبووەڕوو، هەرچەند ئەوەش بەشێکی کەمی تاوانەکان بوون.

ئێمە داوا لە نەتەوەی کورد بە گشتی و نەتەوەیەکگرتووەکان ورێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەموو دنیا دەکەین، لەبەرامبەر دەستدرێژی و تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی جددییان هەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com