فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق: ده‌بێ حكوومه‌تى عێراق روونكردنه‌وه‌ى بۆ رووداوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌بێ

0

ئەسعەد مورادی: تایبەت بە نوچەنێت

جوان فه‌وزى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ره‌خنه‌ له‌ رووداوى سووتاندنى باره‌گاى لقى پارتى له‌ به‌غدا ده‌گرێ و ده‌ڵێ، له‌ هه‌موو مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌ بوو به‌ به‌رچاوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئاڵاى كوردستان سووتێنرا. 

جوان فەوزی دەشڵێت، “ئەمڕۆ دەستدرێژیی کرایە سەر بارەگایەکی فەرمی و لەهەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە ئاڵای کوردستان سووتێنرا و خرایە ژێر پێ، کە ئەمەش دەستدرێژییه‌ بۆ سەر پیرۆزییەکانی  کورد و کوردستان”. 

لەبارەی ئەوەی کێ بە بەرپرسیار دەزانن لەو رووداوانە، جوان فەوزی گوتی، “ئەوەی روویدا قۆناغێکی مەترسیدراوە، کە لەناو بەغدا لەپێش چاوی هێزە ئەمنییەکانەوە روو دەدات، لێره‌دا حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان دەبێ لێکۆڵینەوە بکەن بزانن ئەوانە کێن و کێ بەرپرسیارە، بۆیە دەبێ دەزگا ئەمنییەکان و حکوومەتی عێراقی وەڵام بداتەوە، چونکە هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکانی پێکهاتەکان قبووڵکراو نییە و مەترسیدارە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دۆخی عێراق بە هەستیار ناودەبات و دەڵێ، “لەڕووی دارایی و تەندروستی کێشەی هەیە و به‌رگه‌ى ئه‌وه‌ ناگرێ ئەم کێشانەشی بۆ زیاد بکرێ، چونکە لە بەرژەوەندی کەس نییە”. 

جوان فەوزی، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى، پێشنیارى ئه‌وه‌ ده‌كات لەم دۆخە خۆ کۆنترۆڵکردن لە هەموو شتێک باشترە و پێویست دەکات سەرکردە سیاسییەکانی عێراق رەوشەکە هێمن بکەنەوە و کازمی رۆڵی خۆی ببینێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com